چی لە بارەی کوژراوان و شوێنە بەئامانجکراوەکانی ئێران دەزانین؟


رووداو دیجیتاڵ

مانگی سووری ئێران رایگەیاند، تاوەکو ئێوارەی رۆژی شەممە، لە 24 پارێزگای ئێران، 201 کەس کوژراون و 747 کەسیش بریندارن. 
 
تیمەکانی فریاگوزارییەکان، کە زیاتر لە 220 تیمیان بڵاوەیان پێکراوە، لەنێو ئاگر و تەقینەوە و رووخانی باڵەخانەکاندا بەردەوامن لە کارەکانیان. ئەم ئامارانە سەربازان و خەڵکی سڤیلیش دەگرنەوە، بەڵام هێشتا بەوردی دیار نییە لە هەر پارێزگایەک چەند کەس بوونەتە قوربانی.
 
هێرشەکان زیانێکی گەورەیان بە ژێرخانی وڵاتەکە گەیاندووە، بەتایبەتی پێگە سەربازییەکان، لەنێویاندا: ناوەندەکانی فەرماندەیی سوپای پاسداران، کارگەکانی مووشەک و درۆن، سیستمی بەرگریی ئاسمانی، فڕۆکەخانە سەربازییەکان. هەروەها باڵەخانەکانی حکومەت و هەندێک ناوچەی سڤیلیش لە هێرشەکان رزگاریان نەبوو. 
 
سەرچاوە ئێرانییەکان باس لەوە دەکەن زیانی زۆر بە خەڵکی سڤیل گەیێندراوە، وەک هێرشکردنە سەر ناوچەکانی نیشتەجێبوون و قوتابخانەکان. لە بەرامبەردا، ئەمریکا و ئیسرائیل دەڵێن، هێرشەکان زۆر وردن و تەنیا دامەزراوەکانی حکومەتی ئێرانیان کردووەتە ئامانج، بەڵام لە ڤیدیۆ و وێنەی مانگە دەستکردەکاندا دیارە کە دووکەڵ بەسەر شارەکانەوە بەرزدەبێتەوە، کە ئەوە نیشانەی کەوتنەوەی زیانی لاوەکییە.
 
بەهۆی هێرشێکەوە بۆ سەر قوتابخانەیەکی سەرەتایی کچان لە شاری میناب، لە پارێزگای هورمزگان لە باشووری ئێران، دەیان کەس کوژران. میدیای ئێرانی دەڵێت، ژمارەی کوژراوەکان لەنێوان 50 بۆ زیاتر لە 80 کەس دەبێت (کە زۆربەیان منداڵ و قوتابین) و ژمارەیەکی زۆریش بریندارن. 
 
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەوەی بە "کۆمەڵکوژیی بێتاوانەکان" ناوبرد. هەروەها راپۆرتی دیکە باس لە کوژرانی لانیکەم دوو قوتابی دەکەن لە هێرشێکی نزیک تاران، لەگەڵ کوژرانی خەڵکی سڤیل لە هێرش بۆ سەر ناوچەکانی نیشتەجێبوون، بۆ نموونە لە پارێزگای فارس، هۆڵێکی وەرزشی و چەند ماڵێک کرانە ئامانج، بەهۆیەوە نزیکەی 15 بۆ 17 کەس کوژران کە منداڵیان تێدابوو و نزیکەی 100 کەسیش بریندار بوون.
 
سەبارەت بە لایەنی ئەمریکا و ئیسرائیل، هیچ زیانێکی گیانیی سەربازیی گەورە پشتڕاست نەکراوەتەوە بەهۆی هێرشە تۆڵەسەندنەوەکانی ئێرانەوە، هەرچەندە ئێران چەندین مووشەک و درۆنی هاویشتە ئیسرائیل و بنکەکانی ئەمریکا لە قەتەر، ئیمارات، بەحرێن، کوێت و ئوردن. 
 
سیستمەکانی بەرگری رێگرییان لە زۆربەی هێرشەکان کردووە و زیانەکان کەم بوون، تەنیا چەند رووداوێکی کەوتنەخوارەوەی پارچە مووشەک نەبێت. کەسێکی سڤیل لە ئەبوزەبی لە ئیمارات بەهۆی پارچە مووشەکێکەوە گیانی لەدەستدا؛ لەگەڵ چەند بریندارێکی سووک لە بنکەکان.
 
بەرپرسانی ئیسرائیل، گوتەبێژانی سوپا، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و ئەو سەرچاوانەی رۆیتەرز، سی ئێن ئێن، ئێن بی سی، تایمز ئۆڤ ئیسرائیل و میدیاکانی دیکە پشتیان پێ بەستوون، دەڵێن هێرشەکان ئامانجی "لەنێوبردنی سەرکردەکان ئێران"یان بەدیهێناوە. دیارترین ئەو کەسانەی باس لە کوژرانیان دەکرێت ئەمانەن:
 
• عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران: چەندین سەرچاوەی ئیسرائیلی (لەنێویاندا بەرپرسانی باڵا و سەربازی) دەڵێن لە هێرشێکدا بۆ سەر شوێنی مانەوەی لە تاران لە گەڕەکی پاستۆر کوژراوە. نەتەنیاهوو گوتی "پێگەی ستەمکارەکەمان" وێران کردووە و "نیشانەی زۆر هەن" کە ئەو "نەماوە". دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشتر بە کەناڵی ئەی بی سی نیووزی راگەیاند، دەکرێت ئەو هەواڵە راست بێت، بەڵام دواتر لە سۆشیالمیدیاکەی رایگەیاند "خامنەیی مردووە."
 
کەناڵ 12 و دەستەی پەخشی ئیسرائیل دەڵێن، تەرمی خامنەیی لەژێر داروپەردوودا دەرهێنراوە کە پارچە مووشەکی بەرکەوتووە و وێنەکانی نیشانی نەتەنیاهوو و ترەمپیش دراون. ترەمپ هەروەها گوتوویەتی، "زۆربەی" بڕیاربەدەستە باڵاکان "نەماون". بەڵام بەرپرسانی ئێران، لەنێویاندا عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە، سوورن لەسەر ئەوەی کە خامنەیی "سەلامەتە" یان "تاوەکو ئێستا وەک ئەوەی من بزانم لە ژیاندا ماوە" و بەفەرمی کوژرانی لەلایەن ئێرانەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە.
 
سەرکردە باڵاکانی دیکە (بەپێی راگەیێندراو و سەرچاوەکانی سوپای ئیسرائیل):
 
• محەممەد پاکپوور، فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران، کە بە ئەندازیاری سەرەکیی هەڕەشەکان بۆ سەر ئیسرائیل ناو دەبرێت.
 
• ئەمیر نەسرزادە (یان عەزیز نەسرزادە)، وەزیری بەرگریی ئێران.
• عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران و راوێژکاری باڵای خامنەیی.
 
سوپای ئیسرائیل هەروەها باس لە کوژرانی سەرۆکی هەواڵگری، چەند فەرماندەیەکی دیکەی سوپای پاسداران، بەرپرسانی باڵای ئەتۆمی و تاوەکو حەوت سەرکردەی بەرگری  دەکات. ئێران پشتڕاستی نەکردووەتەوە. 
 
ئەو ناوچانەی ئێران کە کرانە ئامانج
 
وەک پێشتر لە میدیاکانی ئێرانەوە، لەنێویاندا ئاژانسی فارس لە شەوی شەممە، بڵاوکرایەوە: هێرشەکان زۆرتر چڕکرابوونەوە بۆ سەر تاران، بە دیاریکراوی گەڕەکەکانی پایتەخت، بنکەی سەربازی و مووشەکی و پێگە حکومییەکان لەنێویاندا نزیک ماڵەکەی خامنەیی. 
 
هەروەها چەندین هێرش کرانە سەر قوم، ئەلبورز (لەنێویاندا ناوچەی گەرمەدەرە)، ئەسفەهان، فارس، ورمێ، کرماشان، لوڕستان، سنە، ئیلام، زەنجان (ڤیدیۆی تەقینەوەی بەهێزی تێدایە)، هورمزگان (لەوانەش فڕۆکەخانەی دوورگەی کیش و قوتابخانەی میناب)، بوشەهر، تەورێز (دەنگی لانی کەم شەش تەقینەوە بیستراوە).