وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ فۆئاد حوسێن: بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەکەینە ئامانج

رووداو دیجیتاڵ 

فۆئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەلایەن عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانەوە پێگەیشت و تێیدا دوایین پێشهاتە سەربازییەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد. تاران رایدەگەیێنێت کە وەڵامی هێرشەکان دەدەنەوە و بنکەکانی ئەمریکا دەکەنە ئامانج.
 
ئەمڕۆ شەممە، 28ی شوباتی 2026، نووسینگەی راگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بڵاویکردەوە، فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوە، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە پێگەیشت.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، عەباس عێراقچی تیشکی خستووەتە سەر دۆخی سەربازیی ئێران دوای هێرشەکانی ئەمڕۆ و رایگەیاندووە: "وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە بەرگریکردن لە خۆی."
 
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش کردووە، وەڵامەکەی ئێران تەنیا بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەگرێتەوە، ئەوەش لە چوارچێوەی "مافی بەرگری لەخۆکردن؛" هەروەها گوتوویەتی، ئەو هێرشانە وڵاتانی ناوچەکە ناکەنە ئامانج، بەڵکو تەنیا بۆ سەر پێگە سەربازییەکان دەبن.
 
فۆئاد حوسێن هەڵوێستی نەگۆڕی عێراقی دووپاتکردەوە و رایگەیاند، بەغدا بە تووندی دژی زیادبوونی گرژییە سەربازییەکانە.
 
وەزیری دەرەوەی عێراق گوتی، "شەڕ رێگەچارە نییە بۆ پرسەکان" و رایگەیاند، تەنیا رێگەی گونجاو بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە، پەنابردنە بۆ دیالۆگ و هێورکردنەوەی دۆخەکە.