ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم: بۆ سێیەمین جار هێرش کرایە سەر ناوچەی وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر

 
رووداو دیجیتاڵ

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رایگەیاند، ئێران ئاگاداری کردوونەتەوە لە ئەنجامدانی هێرشێکی نوێ بۆ سەر ناوچەی وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر لە باشووری وڵاتەکەیان.
 
بەپێی راگەیێندراوێکی ئاژانسەکە، کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە بڵاوکراوەتەوە، ئەمە سێیەمین رووداوی لەو شێوەیە کە لە ماوەی تەنیا 10 رۆژی رابردوودا لە دەوروبەری وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر روودەدات.
 
بەپێی ئاژانسەکە، ئێران دڵنیای کردوونەتەوە کە هیچ زیانێک بەر راکتۆرە کاراکان نەکەوتووە و هیچ دزەکردنێکی تیشکدەر تۆمار نەکراوە.
 
رافایێل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، نیگەرانیی قووڵی خۆی لەبارەی چالاکییە سەربازییەکانی نێو سنووری ئەو وێستگەیە دەربڕی.
 
گرۆسی هۆشداریی دا لەوەی، هەر زیانێک بەر راکتۆرەکە بکەوێت، دەبێتە هۆی رووداوێکی تیشکدەری گەورە، کە مەترسیی بۆ سەر ناوچەکە دەبێت.
 
بەڕێوەبەری ئاژانسەکە، بەبێ ئەوەی لایەنێکی دیاریکراو سەرکۆنە بکات، داوای "ئەوپەڕی دانبەخۆداگرتن"ی لە لایەنە سەربازییەکان کرد بۆ رێگریکردن لە هەر مەترسییەکی ئەتۆمی.
 
وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر، گرنگترین وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای ئەتۆمییە لە ئێران و لە چەند رۆژی رابردوودا بەهۆی گرژییەکانی ناوچەکە، چەندین جار دەنگی تەقینەوە لە دەوروبەری بیستراوە.