رۆسئەتۆم: دۆخی وێستگەی ئەتۆمیی بووشەهر بەرەو خراپتر دەچێت
رووداو دیجیتاڵ
ئالێکسی لیخاچۆڤ، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای ئەتۆمیی رووسیا (Rosatom)، هۆشداریی دا، دۆخی وێستگەی ئەتۆمیی بووشەهر لە باشووری ئێران بەردەوام بەرەو خراپتر دەچێت. لیخاچۆڤ جەختی کردەوە، هێرشە سەربازییەکان بوونەتە هەڕەشەیەکی راستەوخۆ بۆ سەر سەلامەتیی ئەتۆمیی ناوچەکە.
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی (IAEA) پشتڕاستی کردەوە، تاران لە هێرشێکی نوێ بۆ سەر دەوروبەری وێستگەکە لە رۆژی هەینیدا ئاگاداری کردوونەتەوە. ئەمە سێیەمین جارە لە ماوەی تەنیا 10 رۆژدا ئەم ناوەندە ئەتۆمییە دەکرێتە ئامانج. هەرچەندە تاوەکو ئێستا هیچ تیشکدانەوەیەک یان زیانێکی کوشندە بە کوورەی ئەتۆمییەکە نەگەیشتووە، بەڵام رووسیا ئەم رەفتارانە بە "نا بەرپرسانە" وەسف دەکات.
بەهۆی سەختبوونی هێرشەکان، کۆمپانیای رۆسئەتۆم بڕیاریدا 163 کارمەندی خۆی لە وێستگەی بووشەهر بکشێنێتەوە. ئێستا تەنیا نزیكەی 300 پسپۆڕ و کارمەندی رووسی لە ناو وێستگەکەدا ماونەتەوە بۆ بەڕێوەبردنی کارە پێویستەکان. لیخاچۆڤ هۆشداری دا، بارودۆخەکە بەرەو "خراپترین سیناریۆ" دەچێت.
ئەم پێشهاتە دوای ئەوە دێت کە هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە هێرشێکی هاوئاهەنگدا چەندین ناوەندی هەستیاریان لە ناو ئێران پێکاوە، لەوانە:
کۆمەڵگەی خۆنداب: ناوەندی بەرهەمهێنانی ئاوی قورس لە نزیک ئەراک، کە ئیسرائیل بە "ناوەندێکی سەرەکیی بەرهەمهێنانی پلۆتۆنیۆم بۆ چەکی ئەتۆمی" وەسفی دەکات.
وێستگەی ئەردەخان: ناوەندێک بۆ دابینکردنی کەرەستەی خاوی پێویست بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم.
کارگەکانی پۆڵا: هەردوو کۆمپانیای زەبەلاحی خوزستان و موبارەکەش کرانە ئامانج.
بەهۆی مەترسیی وێرانبوونی وێستگەی بووشەهر کە دەکەوێتە سەر کەناراوەکانی کەنداو، کوێت هۆشداریی "تیشکدانەوەی ئەتۆمی" بۆ هاووڵاتیانی دەرکردووە. بەرپرسانی کەنداو دەترسن هەر تێکچوونێک لە وێستگەکەدا ببێتە هۆی بڵاوبوونەوەی مادە ژەهراوییەکان لە ناو ئاو و هەوای تەواوی ناوچەکەدا.
وێستگەی بووشەهر کە لە ساڵی 2011ـەوە لە کاردایە، تاکە وێستگەی ئەتۆمیی ئێرانە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، بەڵام ئێستا بووەتە یەکێک لە مەترسیدارترین خاڵەکانی ململانێ لە جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا.