زانکۆی زانست و تەکنەلۆژیای ئێران لە تاران بۆردوومان کرا

 
رووداو دیجیتاڵ

ئێران دەڵێت، زانکۆی زانست و تەکنەلۆژیای ئێران بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە بۆردوومان کرا.
 
بۆردوومانی ئەم زانکۆیە لە کاتێکدایە بەرەبەیانی ئەمڕۆ زنجیرەیەک تەقینەوەی بەهێز لە پایتەختی ئێران، پارێزگاکانی ئیسفەهان و ئەلبرز روویان داوە.
 
ئەم زانکۆیە یەکێکە لە زانکۆ تەکنەلۆژییە حکومییەکانیی ئێران و شوێنی خوێندنی ژمارەیەکی زۆر لە باشترین خوێندکار و دەستەبژێرەکانی ئێرانە.
 
 
زانکۆی زانست و تەکنەلۆژیای ئێران ساڵی 1929 لە سەردەمی  پەهلەوی یەکەم (رەزاشا) بە ناوی "کۆلێژی پیشەسازیی ئێران و ئەڵمانیا" لەسەر رووبەری 42 هێکتار(168 دۆنم) لە ناوچەی نارمەک لە باکووری رۆژئاوای شاری تاران بوونیادنرا.
 
ئەم زانکۆیە لە 15 کۆلێژ پێکهاتووە: کۆلێژی ئەندازیاریی کارەبا، کۆلێژی بەڕێوەبردن، ئابووری و ئەندازیاریی پێشخستن،  کۆلێژی ئەندازیاریی ئۆتۆمبێل، کۆلێژی ئەندازیاریی هێڵی ئاسن، کۆلێژی ئەندازیاریی کیمیا، نەوت و گاز، کۆلێژی ئەندازیاریی پیشەسازی، کۆلێژی ئەندازیاریی شارستانی، کۆلێژی ئەندازیاریی کۆمپیوتەر، کۆلێژی ئەندازیاریی میکانیک، کۆلێژی ئەندازیاریی ماددە و کانزاسازی، کۆلێژی ئەندازیاریی تەلارسازی و شارسازی،  کۆلێژی بیرکاری، کۆلێژی فیزیا، کۆلێژی کیمیا و کۆلێژی تەکنەلۆژیای نوێ.
 
سەبارەت بە بۆردوومانەکانی ئەم بەرەبەیانییەی شاری تاران میدیای فەرمیی ئێران رایگەیاند:
 
لە ئەنجامی هێرشێکی "دووژمنی ئەمریکی-زایۆنی" لە کاژێرەکانی رابردوودا بۆ سەر تاران، چەند خاڵێک لە ناوچە جیاوازەکان کرانە ئامانج.
 
ناوچەی 1: گەرەکی شەهید مەحەلاتی، دارئاوا(سەرووی نەخۆشخانەی مەحەک) وگەرەکی پاسداران (دەوروبەری نۆبونیاد)
 
ناوچەی 2: نزیک نەخۆشخانەی ئاتیە
 
ناوچەی 4: نزیک زانکۆی زانست و پیشەسازی و شیان
 
ناوچەی 9: نزیک فڕۆکەخانەی مێهرئاوا
 
ناوچەی 18: شەقامی جۆشەن
 
هەروەها راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هێرشکراوەتە سەر دوو باڵەخانەی نیشتەجێبوون لە ناوچەی 1ی تاران.