پزیشکیان هۆشداری دەداتە وڵاتان؛ 'رێگە مەدەن لە خاکی وڵاتانی ئێوەوە جەنگ بەڕێوەببرێت'
رووداو دیجیتاڵ
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران پەیامێکی نوێ ئاراستەی وڵاتانی ناوچەکە دەکات و دەڵێت، "رێگە مەدەن لە خاکی وڵاتانی ئێوەوە دووژمنانمان جەنگ بەڕێوەببەن."
پزیشکیان لە پەیامێکی نوێدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردووەتەوە نووسیویەتی، "چەندین جار رامانگەیاندووە، ئێران هێرشی پێشوەختە ناکات، بەڵام لە بەرامبەر هێرشکردنە سەر ژێرخان و ناوەندە ئابوورییەکان، وەڵامێکی تووند و بەهێز بە دووژمنی تاوانبار دەدەینەوە."
سەرۆککۆماری ئێران لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا دەڵێت، "بە وڵاتانی ناوچەکە دەڵێم، ئەگەر بەدوای گەشەپێدان و ئاسایشدا دەگەڕێن، رێگە مەدەن دووژمنانی ئێمە جەنگ لەنێو خاکی وڵاتانی ئێوەوە بەڕێوەببەن."
ئەم پەیامەی سەرۆککۆماری ئێران لە کاتێکدایە، 28 رۆژە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بەردەوامن و هیچ ئاماژەیەکی روونیش نییە بۆ هێوربوونەوەی دۆخەکە.