ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان و ئێران دڵنیایی دەدات لە دەرنەچوونی وزەی تیشکدەر

رووداو دیجیتاڵ

هێرشی ئاسمانیی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئامانجەکانیان لەنێو ئێران بەردەوامن. رۆژی هەینی و بەرەبەیانی شەممە 28ـی ئاداری 2026، دەیان شوێن لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بۆردوومانکران. جگە لە ئامانجە سەربازییەکان، هێرشکرایە سەر کۆمەڵێک دامەزراوەی ئەتۆمی و ناوەندی پیشەسازیی ئێران.
 
بەشی زۆری هێرشەکانی رۆژی هەینی و بەرەبەیانی شەممە لەلایەن ئیسرائیلەوە کراون و ئیسرائیل دەڵێت بەردەوام دەبن لە کردنە ئامانجی یەکە پیشەسازییەکان و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران.
 
رۆژهەڵاتی کوردستان
 
رۆژی هەینی لە 28ـەمین رۆژی دەستپێکردنی شەڕی ئەمریکا- ئیسرائیل، چەند شوێنێک لە پارێزگاکانی کرماشان، لوڕستان و ورمێ بۆردوومانکران.
 
لە بەرەبەیانەوە تاوەکو دوانیوەڕۆی هەینی لانیکەم سێ جار بە فڕۆکە چەند شوێنێک لەنێو شاری کرماشان بۆردوومانکران. یەکێک لەو شوێنانەی بۆردوومانکراوە، شوێنێک بووە لە نزیک ناوەندی فەرماندەیی سوپای پاسداران لە پارێزگای کرماشان. هەروەها ئامانجێکیش لە دەوروبەری گۆڕەپانی (نەفت) لەنێو شاری کرماشان.
 
بەرپرسانی حکومیی کرماشان دەڵێن، ئەو شوێنانەی بۆردوومانکراون، شوێنی نیشتەجێبوونن.
 
بەهرام سولەیمانی، جێگری پارێزگاری کرماشان بۆ کاروباری سیاسی و ئەمنی شەوی هەینی رایگەیاند "لە گەڕەکی چیاگڵان لەنێو شاری کرماشان هێرشکراوەتە سەر زیاتر لە 10 خانوو و یەکەی نیشتەجێبوون". هەروەها گوتی لە ئەنجامی هێرشەکەدا 6 کەس گیانیان لەدەستداوە و 56 کەسیش برینداربوون.
 
بە گوتەی سولەیمانی، لە گوندی کارخانەی سەر بە شاری کەنگەڤەریش شوێنێک بۆردوومانکراوە و بە هۆیەوە 7 کەس کوژراون.
بەرەبەیان و دوانیوەڕۆی هەینی، لەنێو شاری ورمێ باڵەخانەیەک و هەروەها سەربازگەی (ئەلمەهدی) سوپای پاسدارانیش لە دەرەوەی شاری ورمێ بۆردوومانکران.
 
هەروەها لە پارێزگای لوڕستان، لە ناوچەی (وەیسیان)ـی سەر بە شاری چێگەنی، ناوەندێکی پەیوەندیی دیجیتاڵی و رادیۆیی بۆردوومانکرا. 
سەعید پوورعەلی، جێگری پارێزگاری لوڕستان بۆ کاروباری سیاسی و ئەمنی رایگەیاند زیان بە ناوەندەکە گەیشتووە و کاریگەری لەسەر بچڕانی پەیوەندییەکان لەو ناوچەیە هەبووە.
 
ئێران دەستبەسەرکردن ژمارەیەک کەس  لە ئیلام و ورمێ رادەگەیێنێت 
 
وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران دەستبەسەرکردنی 8 کەسی لە شارەکانی مەهاباد، چاڵدێران، ورمێ و میاندواو دەستبەسەرکرد بە تۆمەتی کارکردن بۆ ئیسرائیل.
 
رێکخراوی هەواڵگریی سوپای پاسداران رایگەیاند، لە پارێزگای ئیلام 51 کەس دەستبەسەرکراون. پێنج کەس بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ دەستپێکردنی خۆپێشاندان و ناڕەزایی، دوو کەس بە تۆمەتی پلاندانان بۆ داخستنی رێگەکان، 10 کەس بە تۆمەتی وێنەگرتن لە شوێنی ئەمنی و سەربازییەکان، 19 کەس بە تۆمەتی ناردنی ڤیدیۆ و زانیاری بۆ میدیاکان و هەروەها 15 کەسیش بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ تێکدانی گردبوونەوەی خەڵک کە بە مەبەستی پشتگیری لە کۆماری ئیسلامیی ئێران گرددەبنەوە. وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانیش رایگەیاند، هێزەکانیان پێنج کەسی دیکەیان لە ئیلام دەستبەسەر کردووە.
 
رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ رایانگەیاندووە، هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەبێ بوونی بەڵگە ئەو کەسانە دەستبەسەر دەکەن. هەروەها دەڵێن، بەشێک لە دەستبەسەرکراوان ئەوانەن کە پێشتر بە هۆکاری سیاسی دەستبەسەرکراون.
 
کردنە ئامانجی دامەزراوە ئەتۆمی و پیشەسازییەکانی ئێران
 
بۆردوومانکردنی نێو شار و دەوروبەری شاری تاران بەردەوامە. نیوەشەوی هەینی و بەرەبەیانی شەممە، هێرشکرایە سەر چەندین ئامانج لە گەڕەکەکانی (مەحەلاتی، نارمەک، شادئاباد، زەعفەرانییە، تێهرانپارس، جەنەت‌ئاباد، نازی‌ئاباد، ئێکباتان، نیاوەران، پاسداران، لەواسان، پونەک) ودەوروبەری فڕۆکەخانەی مێهرئاباد.
 
جگە لە تاران، بەرەبەیانی شەممە لە ئیسفەهان، کەرەج، زەنجان، قوم، شاهرودی پارێزگای سمنانیش چەندین شوێن بۆردوومانکران.
لە شارەکانی ئیسفەهان، کاشان و (خومەینی‌شەهر)ـی ئەو پارێزگایەش، بەرەبەیانی شەممە چەندین شوێن بۆردوومانکران. دانیشتووانی نێو شاری ئیسفەهان بڵاویانکردووەتەوە، لە کاژێر 1:30 تاوەکو 2:00ـی بەرەبەیان زیاتر لە 10 شوێن کراونەتە ئامانج و هێرشەکان بە فڕۆکە کراون.
 
دوای نیوەڕۆی هەینی، کۆمەڵگەی پیشەسازیی پۆڵای ئیسفەهان و هەروەها کارخانەکانی کۆمپانیای پۆڵای خوزستان بۆردوومانکران. کۆمپانیای پۆڵای خوزستان دەڵێت، بەهۆی هێرشەکە هێڵی بەرهەمهێنانی پۆڵای کارخانەکەیان وەستاوە. میدیاکانی ئێران لە زاری جێگری پارێزگاری ئیسفەهانیشەوە بڵاویانکردووەتەوە، کارخانەی بەرهەمهێنانی پۆڵا لەو پارێزگایە بۆردوومانکراوە و زیانی زۆری پێگەیشتووە.
ئەکبەر ساڵحی، جێگری پارێزگاری ئیسفەهان بۆ کاروباری ئەمنی دەڵێت، لە ئەنجامی هێرشەکاندا چەند کەس برینداربوون. هەروەها دەڵێت، بە مووشەک هێرشکراوەتە سەر دوو وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا لەو پارێزگایەدا.
 
هەروەها بەپێی ئەو زانیاری و ڤیدیۆیانەی بڵاوکراونەتەوە، چەند شوێنێکی سەربازی لەنێو شاری ئیسفەهان و سەربازگەی (ئەحمەد کازمی) لە ویلاشەهری پارێزگای ئیسفەهان بۆردوومانکراون.
 
لە (فیروزئاباد)ـی پارێزگای فارس، کانی کارخانەی چیمەنتۆی فارس بۆردوومانکرا. سکرتێری ئەنجوومەنی بەرهەمهێنەرانی چیمەنتۆی ئێران رایگەیاند، لە هێرشەکەدا دوو کەس کوژران و زیان بە کارخانەکە گەیشتووە، بەڵام بەرهەمهێنانی چیمەنتۆ لە ئێران ناوەستێت.  
لە پارێزگای مەرکەزیش، دوو دامەزراوەی ئەتۆمی و سەربازیی ئێران بۆردوومانکران. کۆمەڵگەی پیشەسازی ئەتۆمیی ئەراک و وێستگەی خەنداب کرانە ئامانج. سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "ئەو کارخانەیە جگە لەوەی پلۆتۆنیۆم بەرهەم دەهێنێت کە بۆ چەکی ئەتۆم بەکاردێت، سەرچاوەیەکی گرنگی دارایی ئێرانە و ساڵانە دەیان ملیۆن دۆلار داهاتی بۆ دەسەڵاتی ئەو وڵاتە هەیە".
 
جگە لە دامەزراوەی ئاوی قورسی ئەراک، لەنێو شارۆچکەی پیشەسازیی خەیرئابادی ئەراکیش شوێنێک بۆردوومانکرا کە تاوەکو ئێستا هیچی لەبارەیەوە رانەگەیێندراوە. پێش هێرشەکە، سوپای ئیسرائیل داوای لە خەڵک کردبوو، باکووری رۆژئاوای شاری ئەراک چۆڵ بکەن.
 
لە یەزدیش، کارخانەی بەرهەمهێنانی (کێکی زەرد) بۆمباباران کرا کە مادەیەکە لە بەردی کانزایی یۆرانیۆم بەرهەمدێت  و لە پڕۆسەی پوختەکردنی یۆرانیۆم بەکاردێت.
 
سوپای ئیسرائیل لەبارەی کردنە ئامانجی ئەو کارخانەیە رایگەیاند "ئەو کارخانەیە تاکە یەکەی پیشەسازیی ئێرانە کە تێیدا مادەی خاو لە پڕۆسەیەکی میکانیکی و کیمیاییدا دەکرێتە مادەی سەرەتایی بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم".
 
هەروەها دوای نیوەڕۆی هەینی چەندین جار بە فڕۆکە و مووشەک، بنکەی مووشەکیی نێو شاخەکانی پشت (پارکی کوهستان)ـی یەزد بۆردوومانکرایەوە.
 
شەوی هەینی لە شاری دێزفوولی پارێزگای خوزستان، بنکەی سەرەکیی هێزی ئاسمانیی سوپا (ئەرتەش) لەو شارە و چەند بنکەیەکی سوپای پاسداران بە فڕۆکە بۆردوومانکران. لەنێو شاری ئەهوازی ناوەندی پارێزگاکەش، بنکەی سەرەکیی رێکخراوی هەواڵگری (ئیتلاعات)ـی سوپای پاسداران کرایە ئامانج.
 
لە ناوچەی (پەردیسان)ـی قومیش بەیانیی هەینی شوێنێک بۆردوومانکرا. بەرپرسانی قوم تاوەکو ئێستا کوژرانی 15 کەس کوژراون و برینداربوونی 10 کەسیان لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا راگەیاندووە.
 
رۆژی هەینی، لە ناوچەی میرداماد لە تەورێز، لە شاری مەرەندی پارێزگای ئازەربایجانی رۆژهەڵات شوێنێکی سەربازی و لە کەنارئاوەکانی شاری بووشێهر لە باشووری ئێرانیش چەند شوێنی دیکە بۆردوومانکران.
 
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، بەردەوام دەبن لە بۆردوومانکردنی ژێرخان و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران . لە بەرامبەردا وەزیری دەرەوەی ئێران هەڕەشەی لە ئیسرائیل کرد کە وەڵامێکی تووندی ئەو بۆردوومانەی ئیسرائیل دەدەنەوە.
 
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند، ئێران ئاگاداری کردوونەتەوە لە ئەنجامدانی هێرشێکی نوێ بۆ سەر ناوچەی وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر لە باشووری ئێران و ئەمە سێیەمین هێرشە لە 10 رۆژی رابردوودا دەکرێتە سەر ئەو وێستگەیە.
 
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم ئێران دڵنیای کردوونەتەوە کە هیچ دزەکردنێکی تیشکدەر تۆمار نەکراوە.