هێرشی ئاسمانی بۆسەر پیشەسازیی پۆڵای ئێران؛ بەرهەمهێنان لە "پۆڵای خوزستان" وەستا
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی نوێترین راگەیێندراوی کۆمپانیای پۆڵای خوزستان، لە ئەنجامی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆسەر دامەزراوەکانیان لە ئەهواز، پرۆسەی بەرهەمهێنان لەو کۆمپانیایەدا بەتەواوی راگیرا.
بەپێی راگەیێندراوی ژمارە دووی کۆمپانیای پۆڵای خوزستان، ئێوارەی هەینی 27ی ئاداری 2026 فڕۆکە جەنگییەکان بە چڕی بنکەکانی کۆمپانیاکەیان کردووەتە ئامانج و زیانی راستەوخۆ بەر یەکەکانی "ئەحیای 2"، "مێگامۆدیۆلی زەمزەم 3" و بەشەکانی پۆڵاسازی کەوتووە.
هەرچەندە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و فریاگوزاری توانیویانە دۆخەکە کۆنترۆڵ بکەن، بەڵام بەڕێوەبەرایەتیی کۆمپانیاکە باس لەوە دەکات کە سەرجەم هێڵەکانی بەرهەمهێنان لەکارکەوتوون و تیمە تەکنیکییەکان سەرقاڵی هەڵسەنگاندنی قەبارەی زیانەکانن بۆ دەستپێکردنەوەی کارەکان لە کورتترین کاتدا.
کۆمپانیای پۆڵای خوزستان لە کۆتایی راگەیێندراوەکەیدا جەختی کردووەتەوە کە سەرەڕای هێرشەکان، بە "ویستێکی پۆڵایینەوە" هەوڵی چاککردنەوەی خێرای هێڵەکان دەدەن بۆ ئەوەی رێگە لە پەککەوتنی پیشەسازیی وڵاتەکە بگرن.
لە رووداوێکی هاوشێوەدا لە ئیسفەهان، کۆمپانیای "فولادی موبارەکە"ـیش کرایە ئامانج. بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان، لە ئیسفەهان کرێکارێک کوژراوە و نزیکەی 15ی دیکەش برینداربوون.
ئەم هێرشانە بەشێکن لە ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کە لە 28ی شوباتی 2026ـەوە دەستیپێکردووە.