ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی تەقینەوەکەی بەندەرعەباس بۆ 46 کەس بەرزبووەوە

 
 
رووداو دیجیتاڵ

کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای هورموزگان رایگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی لە رووداوی تەقینەوەکەی بەندەری رەجایی بەندەر عەباس دا گیانیان لەدەستداوە، بۆ 46 کەس بەرزبووەتەوە.
 
رۆژی دووشەممە، مێهرداد حەسەنزادە، بەڕێوەبەری گشتیی کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای هورموزگان رایگەیاند: "ژمارەی گیانلەدەستدان لە تەقینەوەکەی بەندەری رەجایی سەر بە شاری بەندەرعەباس بۆ 46 کەس بەرزبووەتەوە."
 
مێهرداد حەسەنزادە گوتی: "لە رووداوەکەدا 1210 کەسیش برینداربوون. هەزار و 72 کەسیان دوای چارەسەرکردنیان لە نەخۆشخانە رەوانەی ماڵەوە کراون و ئێستا 138 بریندار لە نەخۆشخانەکان خەوێندراون."
 
 لەلایەکی دیکەوە، ناوی 23 قوربانی رووداوەکە کە تەرمەکانیان ناسراونەتەوە، لەلایەن بەرپرسانی پارێزگای هوموزگانەوە بڵاوکرایەوە.
 
موجتەبا قەهرەمانی، بەڕێوەبەری گشتیی دادوەریی پارێزگای هورموزگانیش رایگەیاند، تەرمی ئەو کەسانەی لە رووداوەکەی بەندەری رەجایی دا گیانیان لەدەستداوە، بۆ دادپزیشکیی پارێزگاکە دەگوازرێنەوە، بۆ ئەوەی لە رێگەی توێکارییەوە ناسنامەیان بدۆزرێتەوە.
 
مەهدی فرووزش، جێگری بەڕێوەبەری دادپزیشکیی ئێرانیش داوا لە کەسوکاری بێسەروشوێنان دەکات، بۆ تاقیکردنەوەی دی ئێن ئەی سەردانی ناوەندەکانی دادپزیشکی لە پارێزگاکانیان بکەن، بۆ ئەوەی کاری ناسینەوەی تەرمەکان خێراتر ببێت.
 
عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دوێشەو داوای لە بەرپرسانی ئەو وڵاتە کرد، لێکۆڵینەوەی ورد لەبارەی رووداوی تەقینەوەکەی بەندەری رەجایی بکەن و بەپێی یاسا لێپرسینەوە لە هەر کەس و لایەنێکدا بکەن، کە بەهۆی کەمتەرخەمی یان بەئەنقەست بووبنە هۆکاری رووداوەکە.
 
خامنەیی گوتی: "بەرپرسانی ئەمنی و دادوەری پێویستە لێکۆڵینەوەی ورد بکەن و هەر کەمتەرخەمییەک یان دەستی ئەنقەست ئاشکرا بکەن و بەپێی یاسا لێپرسینەوە بکەن. پێویستە هەموو بەرپرسان خۆیان بە بەرپرسیار بزانن لە پێشگرتن لە رووداوە دڵتەزێن و زیانبەخشەکان."
 
وەزارەتی بەرگریی ئێرانیش رەتیکردەوە، تەقینەوەکەی بەندەری رەجایی پەیوەندی بە کەرەستەی سەربازییەوە هەبێت و رایگەیاند، لە کاتی رووداوەکەدا هیچ کەلوپەلێکی سەربازی لە بەندەری رەجایی هاوردە یان هەناردە نەکراوە.
 
رۆژی شەممە، 26ـی نیسانی 2025، لە بەندەری شەهید رەجایی سەر بە شاری بەندەر عەباس، ناوەندی پارێزگای هورموزگان لە باشووری ئێران تەقینەوەیەکی گەورە روویدا و دوای ئەوە ئاگرێکی گەورە لە بەندەرەکە کەوتەوە، کە تاوەکو ئێستاش بەردەوامە و کۆنترۆڵ نەکراوەتەوە.
 
ئێران هێشتا هۆکاری رووداوەکەی بەندەری رەجایی بەندەرعەباسی ئاشکرانەکردووە  و دیار نییە هۆکاری ئاگرگرتن و تەقینەوەکە چییە. بەڵام بەرپرسانی ئەو وڵاتە جەخت لە بەردەوامبوونی لێکۆڵینەوەکان دەکەن.