گوتەبێژی حکومەتی ئێران: وەک چۆن پاڵپشتیی جەنگ دەکەین، بە هەمان هێزەوە لە دیپلۆماسیداین

 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی حکومەتی ئێران رایدەگەیەنێت، دابینکردنی پێویستییەکانی هێزە چەکدارەکان لە کارە لەپێشینەکانیاندایە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا چاویان لەسەر کەمکردنەوەی گوشارەکانی سەر شانی هاووڵاتییانە.
 
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە ئەمڕۆ سێشەممە 28ی نیسانی 2026 بەڕێوەچوو، فاتمە موهاجیرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران، تیشکی خستە سەر کۆمەڵێک پرسی هەستیاری پەیوەست بە قەیرانەکانی ئێستای وڵاتەکەی؛ لە قەرەبووی بێکاری و سنووردارکردنی ئینتەرنێتەوە تاوەکو دەگاتە بەرپەرچدانەوەی دیپلۆماسییانەی هێرشە سایبەرییەکانی ئەمریکا.
 
بەهۆی تووندبوونەوەی گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکا و داڕمانی مێژوویی بەهای تمەن، بازاڕەکانی ئێران تووشی شۆکێکی گەورە بوون. لەم بارەیەوە فاتمە موهاجیرانی رایگەیاند کە کابینەکەی مەسعوود پزیشکیان بە وردی چاودێریی دۆخی بژێوی هاووڵاتییان دەکات. گوتیشی: "ئامارە وردەکان لە بەردەستی سەرۆککۆمار و ئەندامانی کابینەکەدان. نامانەوێت بەڵێنێک بدەین کە جێبەجێ نەکرێت، بەڵام پرسی زیادکردنی بودجەی سەبەتەی خۆراک لەژێر لێکۆڵینەوەدایە."
 
بۆ رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی رێژەی بێکاری و پاراستنی بازاڕی کار لە داڕمان، حکومەتی ئێران پاکێجێکی نوێی هاوکاریی بۆ خاوەنکاران راگەیاند. بەپێی بڕیارەکە، هەر کارگەیەک یان بزنسێک کە لە نێوان دوو بۆ 50 کارمەندی هەبێت و مۆڵەتی فەرمی و بیمەی هەبێت، بڕی 44 ملیۆن تمەن قەرزی "سەرمایەی گەڕاوە"ی پێدەدرێت. 
 
گوتەبێژی حکومەت مەرجێکی قورسی خستە بەردەم خاوەنکارەکان و روونیکردەوە؛ ئەگەر خاوەنکارەکە 100٪ی کارمەندەکانی بپارێزێت، سوودی قەرزەکە تەنیا 18٪ دەبێت، بەڵام ئەگەر دەستبەرداری کارمەندەکانی بێت، سوودەکە بۆ 35٪ بەرز دەبێتەوە. قەرزەکەش دوو مانگ مۆڵەتی نەدانی هەیە و پاشان دەبێت لە ماوەی شەش مانگدا بگەڕێنرێتەوە.
 
لە کاتێکدا سوپای ئیسرائیل و ئەمریکا لە ماوەی رابردوودا چەندین بنکەی پیشەسازیی سەربازی و کۆگای مووشەکیان لە تاران، کەرەج و ئەسفەهان بۆردومان کردووە، موهاجیرانی جەختی لە پابەندیی بێچەندوچوونی حکومەت بۆ پاڵپشتیکردنی دامەزراوە سەربازییەکان کردەوە.
 
موهاجیرانی رایگەیاند: "دابینکردنی سەرچاوە داراییەکان و پشتیوانیی لۆجستی بۆ هێزە چەکدارەکان یەکێکە لە گرنگترین ئەرکەکانی حکومەت." هەروەها دڵنیاییدا کە سەرۆککۆمار وەک سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی، بەپێی بەرژەوەندیی باڵای وڵات سەرپەرشتیی قەیرانەکە دەکات.
 
گوتەبێژی حکومەت رەخنەی تووندی لە هەندێک لایەنی نێوخۆیی گرت کە "لە رۆژێکدا 13 جار تویت دەکەن بۆ دروستکردنی پشێوی" و گوتی: "حکومەت بە هەموو هێزێکیەوە پاڵپشتیی رێگەی دیپلۆماسی دەکات، هەر وەک چۆن پاڵپشتیی بەرەکانی جەنگ دەکات. بەرپرسانی وڵات دەنگێکی یەکگرتوویان هەیە؛ ئێمە خاوەنی یەک وڵات، یەک ئاڵا، یەک رێبەر و یەک رێگەی روونین."
 
لە 48 کاژێری رابردوودا، ژێرخانی ئەلیکترۆنیی دەیان وەزارەت و بانکی ئێران رووبەڕووی هێرشی سایبەریی ئەمریکا و ئیسرائیل بوونەتەوە. تاران بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەمە، ئینتەرنێتی نیشتمانیی چالاک کردووە و هێڵی جیهانیی بە تووندی سنووردار کردووە.
 
موهاجیرانی لەم بارەیەوە دڵنیایی بە خەڵک دا کە حکومەت دژی "نادادپەروەریی پەیوەندییەکانە" و ئاشکرای کرد: "سنووردارکردنی ئینتەرنێت بڕیاری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانییە بۆ کاتی قەیران. هەر کاتێک بارودۆخەکە ئاسایی بووەوە، دۆخی ئینتەرنێتیش دەگەڕێتەوە ئاستی پێشوو."
 
لە لایەکی دیکەوە، موهاجیرانی ئاماژەی بە سەرکەوتنێکی دیپلۆماسیی وڵاتەکەی کرد و باسی لە کۆبوونەوەی رۆژی 27ی نیسان لە پایتەختی قیرغیزستان (لەنێوان وڵاتانی رێکخراوی شانگهای) کرد. ئەو وڵاتانە هێرشکردنە سەر ژێرخانی پەیوەندییەکانی ئێرانیان لەلایەن ئەمریکاوە بە "پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان" لەقەڵەمدا. گوتەبێژی حکومەت ئەم هەنگاوەی بە "رووداوێکی پیرۆز" و بەرهەمی دیپلۆماسییەکی چالاک وەسف کرد.
 
سەرەڕای باری نائاسایی، حکومەتی ئێران هەوڵدەدات لە رێگەی وەرزشەوە پەیامی "سەقامگیری" بداتە دەرەوە و ورەی شەقام بەرز بکاتەوە. موهاجیرانی سەردانەکەی ئەم دواییەی سەرۆککۆماری بۆ نێو کەمپی مەشقی هەڵبژاردەی نیشتمانیی ئێرانی بە "هێمای پاڵپشتیی ماددی و مەعنەوی" وەسف کرد. 
 
باسی لەوەیش کرد کە وەزیری وەرزش راسپێردراوە بۆ رێکخستنی یارییەکی دۆستانە لەگەڵ هەڵبژاردەی تورکیا تاوەکو وەرزشوانان بە "غیرەتی نیشتمانییانەوە" دڵی خەڵک خۆش بکەن.
 
ئەم لێدوانانەی تاران لە دوایین رۆژەکانی نیسانی 2026ـدا هاوکان لەگەڵ پەرەسەندنە دراماتیکییەکانی شەڕی فرەڕەهەندی نێوان ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل.
 
کۆشکی سپی دوایین پێشنیازی تارانی (کردنەوەی گەرووی هورمز لە بەرامبەر هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی) رەتکردووەتەوە و داوای راگرتنی تەواوەتی پیتاندنی یۆرانیۆم دەکات. بەم هۆیەوە گەشتی نێردەکانی ئەمریکا بۆ پاکستان هەڵوەشاوەتەوە و هێزی دەریایی ئەمریکا گەمارۆیەکی تووندی خستووەتە سەر بەندەرەکانی ئێران، بە جۆرێک تاوەکو ئێستا رێگرییان لە 38 کەشتی کردووە بگەنە ئێران.
 
لە بەرامبەردا ئێران هەڕەشەی داخستنی یەکجارەکیی گەرووی هورمز دەکات کە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ ئاستێکی پێوانەیی.
 
لە کاتێکدا شەڕ لە باشووری لوبنان لەنێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل چڕتر بووەتەوە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران گەیشتووەتە سان پترسبۆرگ بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، بە ئامانجی دەستەبەرکردنی پاڵپشتیی رووسیا و بلۆکی رۆژهەڵات لەم قۆناغە یەکلاکەرەوەیەدا. 
 
نێوخۆی ئێرانیش لەنێوان کورتھێنانی بودجە، گرانیی کاڵاکان و مەترسیی داڕمانی بازاڕدا، بە سەختترین رۆژەکانی مێژووی هاوچەرخیدا تێدەپەڕێت.