ئێران دیمەنی ژێرزەمینێکی تایبەت بە درۆن لەژێر چیاکانی زاگرۆس بڵاودەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئێران دیمەنی بنکەیەکی هێزی ئاسمانیی تایبەت بە درۆن بڵاودەکاتەوە و دەڵێت: شوێنەکەی دەکەوێتە ژێر زنجیرە چیاکانی زاگرۆسەوە.
رۆژی شەممە 22ـی ئایاری 2022 تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران دیمەنی بنکەیەکی هێزی ئاسمانیی تایبەت بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، لەژێر چیای زاگرۆسی رۆژئاوای وڵاتەکە بڵاوکردەوە.
ئێران ئاماژەی بە شوێنی دیاریکراوی بنکەکە نەکرد، بەڵام پەیامنێری تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران دەڵێت: کە بۆ ماوەی 40 خولەک بە هێلیکۆپتەر رێی بڕیوە تاوەکو لە شاری کرماشان گەیشتووەتە شوێنی بنکەکە.
لە ساڵەکانی 1980ـەوە لەو کاتەی لەگەڵ عێراق لە جەنگدابوو، ئێران دەستیکرد بە دروستکردنی درۆن.
ئەمریکا و ئیسرائیلیش ئێران بەوە تۆمەتبار دەکەن کە درۆن بە هێزەکانی نزیک خۆی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەدات، لەنێویدا، حیزبوڵڵای لوبنان، حکومەتی بەشار ئەسەد لە سووریا و حووسییەکانی یەمەن.
لەو گرتە ڤیدیۆیەی کە تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران بڵاویکردووەتەوە، محەممەد باقری، سوپاسالاری ئێران و عەبدولڕەحیم مووسەوی دەردەکەون کە سەردانی ژێرزەمینەکە دەکەن.
راپۆرتەکەی تەلەڤزیۆنی ئێران دەڵێت، زیاتر لە 100 درۆنی شەڕکەری تایبەت بە سوپای ئێران لەو بنکەیە هەڵگیراون کە بە گوتەی خۆیان، شوێنەکەی دەکەوێتە ژێر زنجیرە چیاکانی زاگرۆس.
ئاژانسی فەرمیی هەواڵی ئێران IRNA لەسەر زاری محەممەد باقری شوێنەکەی بە بنکەیەکی ئۆپەراسیۆنی سەلامەت بۆ درۆنی ستراتیژی ناوبردووە. محەممەد باقری ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەوان هەمیشە هۆشیارن و هەڕەشەکان بە کەم نازانن.
هاوکات، مووسەوی بە تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێرانی راگەیاندووە کە بنکەکە "چەند سەد مەترێک" دەکەوێتە ژێرزەوییەوە، بەبێ ئەوەی باسی وردەکاریی زیاتر بکات.
تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێرانیش دەڵێت، ئەو درۆنانەی لەوێ دانراون، دەتوانن لانیکەم 2 هەزار کیلۆمەتر بفڕن.
ئەوە لە کاتێکدایە کە لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2021 دا وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەر پڕۆگرامی درۆنی سوپای پاسدارانی ئێراندا سەپاند.
ئەمریکا سوپای پاسدارانی ئێران بە ئەنجامدانی هێرشی ئەیلوولی ساڵی 2019 بۆ سەر کۆگەی نەوتی سعودیە و هێرشی درۆنی حوزەیرانی ساڵی 2021 بۆ سەر کەشتییەکی بازرگانی لە کەناراوەکانی عومان تۆمەتبار دەکات. بەڵام ئێران ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە.