سەرۆککۆماری ئێران هەڵدەبژێردرێت و 61 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە

 
رووداو دیجیتاڵ 

پڕۆسەی دەنگدان لە سەرانسەری ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەستیپێکرد و زیاتر لە حەوت هەزار و 500 سندووقی دەنگدان بۆ 14ـیەمین خولی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی ئێران لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دانراون.
 
ئەمڕۆ هەینی، 28-06-2024، کاژێر 08:00ـی بەیانی بە کاتی تاران (7:30 بە کاتی هەولێر) پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی 14ـەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێران دەستیپێکرد، 61 ملیۆن و 452 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە و 58 هەزار و 640 بنکەی دەنگدان لە سەرانسەری ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دانراون؛ هەروەها لە دەرەوەی وڵاتیش، هاووڵاتییان دەتوانن لە رێگەی 344 بنکە دەنگ بدەن.
 
بەگشتی لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان حەوت هەزار و 560 سندووقی دەنگدان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دانراون.
 
پارێزگای ورمێ
 
لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، دوو هەزار و 357 سندووقی دەنگدان دانراون کە 882ـیان گەڕۆکن.
 
بەگوتەی رەزا ئیبراهیمی، جێگری پارێزگاری ورمێ بۆ کاروباری سیاسی و کۆمەڵایەتی، هەزار و 165 سندووق لە سنووری شارەکانی پارێزگا و هەزار و 192 سندووقیش لە گوندەکان دانراون.
 
رەزا ئیبراهیمی ئاماژەی بەوە کرد، لە پارێزگای ورمێ زیاتر لە 24 هەزار کەس سەرقاڵی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی ئێرانن، کە نزیکەی هەشت هەزار کەسیان ئەرکی پاراستنی سندووقەکانیان لە ئەستۆیە و 250 کەسیش وەکو چاودێری هەڵبژاردن دیاری کراون.
 
پارێزگای ئیلام
 
فەرشید زەرگووش، بەڕێوەبەری لقی ئیلامی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی ئێران رایگەیاند، لە 14یەمین خولی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی ئێران، 633 سندووقی دەنگدان لە سنووری پارێزگاکە داندراون. لەو ژمارەیە، 336 سندووق لە سنووری شارەکان و 110 سندووقیش لە سنووری گوندەکان داندراون کە بەگشتی 187ـیان گەڕۆکن.
 
پارێزگای سنە
 
محەممەد رەزایی، جێگری پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت، 25 هەزار کەس لە سنووری پارێزگاکە سەرپەرشتیی پرۆسەی هەڵبژاردن دەکەن.
 
لە سنووری پارێزگای سنە، هەزار و 296 سندووقی دەنگدان لە سەرانسەری سنووری پارێزگاکە داندراون، کە بەشێکیان گەڕۆکن و بۆ وەرگرتنی دەنگەکان، سەردانی گوندە دوورەدەستەکانیش دەکەن.
 
پارێزگای کرماشان
 
نزیکەی یەک ملیۆن و 460 هەزار کەس لە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان مافی دەنگدانیان هەیە و لە رێگەی هەزار و 636 سندووقەوە دەتوانن دەنگ بدەن.
 
عەلی شەعبانی، بەرپرسی لقی کرماشانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی ئێران رایگەیاند 961 سندووق لە سنووری شارەکان و 675 سندووقیا لە سنووری گوندەکان، کە بەگشتی 648ـیان گەڕۆکن.
 
زیاتر لە 640 سندووق تایبەتە بە ناوەندی پارێزگاکە کە 156ـیان گەڕۆکن. کەمترین سندووقیش تایبەتە بە قەسری شیرین کە لە 40 سندووق 20ـیان گەڕۆکن.
 
پارێزگای لوڕستان
 
بەگوتەی ئێحسان یاوەری، جێگری پارێزگاری لوڕستان بۆ کاروباری سیاسی و کۆمەڵایەتی، هەزار و 638 سندووقی دەنگدان لە سنووری پارێزگاکە داندراون کە 832 سندووق لە سنووری شارەکانن و 806 سندووقیش لە گوندەکان کە بە گشتی  618ـیان گەڕۆکن.
 
وەک یاوەری گوتی، نزیکەی 25 هەزار کەس بۆ سەرپرشتیکردنی هەڵبژاردنەکان لە سنووری لوڕستان ئەرکدار کراون کە زۆربەیان دەکەونە سنووری خوڕەمئاوای ناوەندی پارێزگاکە و بە تەنیا 357 سندووقی دەنگدان لەو سنوورە داندراون.
 
سەرجەم ئەو کەسانەی وڵاتینامەی ئێرانیان هەیە و تەمەنیان سەرووی 18 ساڵە، واتا بەر لە 29-06-2006 لەدایک بوون، مافی دەنگدانیان بۆ 14ـیەمین خولی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی ئێران هەیە.
 
لە 14ـیەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێراندا، چوار بەربژێر بۆ بەدەستهێنانی پۆستەکە رکابەری دەکەن؛ سەعید جەلیلی، محەممەدباقر قالیباف، مستەفا پوورمحەممەدی کە بەربژێری نەریتخوازەکانن و مەسعوود پزیشکیانیش، کە تاکە بەربژێری ریفۆرمخوازەکانە. بە گوێرەی راپرسییەکان بەربژێرەکەی ریفۆرمخوازان چانسی دەرچوونی زیاترە.
 
پرۆفایلی بەربژێران:
 
مەسعود پزشکیان 
 
- 1954 لە مهاباد لەدایکبووە 
- 2001-2005 وەزیری تەندروستی بوو
- ئەندامی ئەنجوومەنی شوورای ئیسلامی بوو
- لە چوار خولی پەرلەماندا نوێنەری تەورێز بوو 
- خولێک جێگری سەرۆکی پەرلەمان بوو 
- سەرۆکی فراکسیۆنی "تورک زمانەکان" بوو 
- دوو جار شیابوونی بۆ سەرۆککۆمار رەتکراوەتەوە
- 2002 سەرۆکی زانکۆی پزیشکیی تەورێز بوو
- دژی ناڕەزایەتییەکان بوو 
- لایەنگری خوێندنە بە زمانی دایک 
- دژی پرۆژەکانی حکومەتە بۆ باڵاپوشی 
 
محەممەد باقر قالیباف
 
- 1961 لە مەشهەد لەدایکبووە
- دکتۆرا لە جوگرافیای سیاسی
- 1997 فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپا
- 2000 فەرماندەی هێزی پۆلیس بووە
- سێ خول سەرۆکی شارەوانیی تاران بووە
- سەرۆکی 12مین خولی پەرلەمان بووە
- رکابەری مەحموود ئەحمەدی نەژاد بوو 
- رکابەری حەسەن رووحانی بوو 
- بەربژێری سەرۆککۆمار بوو 
- ئەندامی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکان
 
مستەفا پوورمحەممەدی:
 
- لە ساڵی 1959 لە شاری قوم لە دایکبووە.
 
- لە ساڵی 1979 وەک داواکاری گشتی دادگای ئینقیلابی ئیسلامی دەستی بە چالاکییەکانی کردووە.
 
- لە ساڵی 1997 تاوەکو 1999 وەک بریکاری وەزیری ئیتیلاعات کاری کردووە.
 
- لە حکومەتی نۆیەمدا وەزیری ناوخۆ بووە و لە حکومەتی یازدەهەمدا وەیزی داد بووە.
 
- ئێستا ئەمینداری گشتی کۆمەڵەی پیاوانی ئاینی موجاهیدینە، بەرپرسی ناوەندی بەڵگەنامەی شۆڕشی ئیسلامیشە.
 
بۆ خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری ناوی خۆی تۆمار کرد، بەڵام لەلایەن ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور شیاوبوونی رەتکرایەوە.
 
بەربژێری خولی شەشەمی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری بوو، کە پێشتر شیاوبوونی لەلایەن ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور رەتکرایەوە، بەڵام دوای پێداچوونەوە بە بڕیارەکەیان و پەسەندکردنی شیاوبوونی، دەنگی پێویستی نەهێنایەوە.
 
سەعید جەلیلی 
 
- 1965 لە مەشهەد لەدایکبووە 
- 2007-2013 سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایش
- سەرۆکی شاندی دانوستاندنکاری ئەتۆمی ئێران
- 2013 بەربژێری سەرۆککۆمار بوو 
- 2013 نوێنەری عەلی خامنەیی 
- 2021 بەربژێری سەرۆککۆمار بوو
- ئەندامی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکان
- سەرۆکی کۆمیسیۆنی پەیوەندییەکانی دەرەوە