فەرماندەی بنکەی بەسیجی زاهیدانی ئێران کوژرا
رووداو دیجیتاڵ
لە هێرشێکی چەکداریدا لە ناوچەی شیرئابادی زاهیدان، فەرماندەی بنکەی بەسیج لەلایەن کەسانی نەناسراو کوژراوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 28ی تەمموزی 2025، ئاژانسی هەواڵی تەسنیم رایگەیاند، "رۆژی یەکشەممە لە هێرشێکی چەکداریدا لە ناوچەی شیرئابادی زاهیدان، جەواد کەریمکوشتە، فەرماندەی بنکەی بەسیجی زاهیدان لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە تەقەی لێکرا و کوژرا."
بە گوێرەی ئاژانسەکە، جەواد کەریمکوشتە لە کاتی ئەرکدا و لە بەردەم مزگەوتێک لە زاهیدان کوژراوە.
تائێستا هیچ گرووپ و لایەنێک کوژرانی ئەو فەرماندەیەی لە ئەستۆ نەگرتووە. تائێستا هیچ کەسیش بەو تۆمەتە دەستگیر نەکراوە.
ئەوە لە کاتێکدایە رۆژی شەممە، 26-7-2025، ژمارەیەک چەکدار هێرشیان کردە سەر باڵەخانەی دەسەڵاتی دادی پارێزگای سیستان و بەلووچستان، کە دەکەوێتە شەقامی ئازادیی شاری زاهیدان و لە هێرشەکەدا 9 کەس کوژران و 22ی دیکەش بریندار بوون.
گرووپی سوننە مەزهەبی جەیشولعەدل کە گرووپێکی چەکداری بەلووچەکانە لە ئێران و پێگەکانی لەنێو پاکستاندان، لە راگەیێندراوێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تەلەگرام بەرپرسیاریێتی هێرشەکەی رۆژی شەممەی لە ئەستۆ گرت.