ئێران: ئەورووپا سزاکان بگەڕێنێتەوە، پەیوەندیمان لەگەڵ ئاژانسی وزەی ئەتۆم دەپچڕێنین
رووداو دیجیتاڵ
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت؛ ئەگەر ئەورووپا سزاکانی سەر ئێران بگەڕێنێتەوە، ئەو پەیوەندییەی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم هەیانە نامێنێت.
رۆژی چوارشەممە، 27ـی ئابی 2025، کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بە میدیای وڵاتەکەی رایگەیاند، "ئەگەر ئێستا پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە ئێران نەبن، کارکردنی وێستگەی کارەبای بوشێهر پەکی دەکەوێت، ئایا بەڕاستی هەندێک کەس دەیانەوێت وێستگەی کارەبای بوشێهرمان دابخرێت؟"
کازم غەریب ئابادی ئاماژەی بەوەدا، گەڕانەوەی پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بۆ دامەزراوەکە تەنیا کەیسێکی تایبەتە کە بە هەماهەنگی و مۆڵەتی پێویست کراوە.
ئێران رۆژی چوارشەممە گەڕانەوەی ژمارەیەک لە پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بۆ ئەو وڵاتەکەی پشتڕاستکردەوە.
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی: "گفتوگۆ لە نێوان ئێران و ئاژانس بۆ رێکخستنی هاوکاری لە هەلومەرجی نوێدا بەڕێوەیە. تاوەکو ئێستا هیچ دەقێک یەکلایی نەکراوەتەوە و تەنیا بیرۆکە لە نێوان هەردوولادا ئاڵوگۆڕ کراوە."
پێشتر هەر یەک لە ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا رایانگەیاندبوو، ئەگەر ئێران نەگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی، ئەوا سزا نێودەوڵەتییەکان بەسەر ئێراندا دەسەپێننەوە.
کازم غەریب ئابادی لەو بارەیەوە گوتی: "ئەورووپا لە رووی یاساییەوە لە دۆخێکدا نییە سزاکان چالاک بکاتەوە، ئەگەر ئەوە بکات کاریگەری لەسەر ئەو پەیوەندییەکان لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەبێت و پەیوەندییەکان رادەگیرێن."
رافائیل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم رایگەیاند، پشکنەرەکانیان لە ئێران ئامادەکاری دەکەن بۆ دەستپێکردنەوەی کارەکانیان و پشکنین و چاودێری چالاکیی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران.
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی ئێراندا، ژمارەیەک پەرلەمانتاری نەریتخواز رایانگەیاند، ئەگەر رێگە بە پشکنەرانی ئاژانس بدرێ سەردانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بکەن، سکاڵا دژی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران تۆمار دەکەن تۆمەتی پێشێلکردنی یاسای هەڵپەساردنی هاوکارییەکان لەگەڵ ئاژانس، کە پێشتر پەرلەمان پەسندی کردووە.
جێهێشت.
هەر ئەمڕۆ ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری چەند دیپلۆماتکاری ئەورووپییەوە بڵاویکردەوە، ئەگەری زۆرە بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا لە رۆژی پێنجشەممەوە دەست بە جێبەجێکردنی رێوشوێنەکانی کاراکردنی میکانیزمی سنەپ بەک (گەڕاندنەوەی سزاکان) دژی ئێران بکەن.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسەکە، چوار دیپلۆماتکاری ئەو سێ وڵاتە ئەورووپییە رایانگەیاندووە، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا هیوادارن تاران لە ماوەی 30 رۆژدا پابەندییەکانی بەپێی رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015 جێبەجێ بکات و ئەو وڵاتانە رازی بکات، واز لە کاراکردنەوەی میکانیزمەکە بهێنن.
پڕۆسەی کاراکردنەوەی میکانیزمەکە لانیکەم 30 رۆژ دەخایەنێت و دیپلۆماتکارانی ئەورووپی رایانگەیاندووە، لە دانوستاندنی دوێنێ سێشەممەی نێوان وڵاتانی ئەورووپی و ئێراندا، ئەورووپییەکان هەستیان بە پابەندیی تەواوی ئێران نەکردووە، بەڵام جەخت لە درێژەپێدانی دانوستاندنی راستەقینە کراوە دوای ئەوەی وڵاتانی ئەورووپی داواکاری کاراکردنەوەی میکانیزمەکە دەدەنە ئەنجوومەنی ئاسایش.