لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێران: پێویستە خۆمان بۆ شەڕ ئامادە بکەین


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، پێویستە خۆیان بۆ شەڕ ئامادە بکەن. هەروەها گوتی، نابێ بە هیچ شێوەیەک لە نێوخۆی وڵاتەوە پەیامی لاواز بۆ دەرەوە بنێرن.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 28ـی ئابی 2025، ئیبراهیم رەزایی باسی دانوستاندنەکانی شاندی ئێران و فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیای لە شاری جنیێڤ کرد و رایگەیاند، یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکانی نێوان هەردوولا تاوتوێکردنی ئەگەری درێژکردنەوە یان کۆتاییهاتنی بڕیارنامەی 2231ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان بووە، کە تایبەتە بە هەڵگرتنی سزا نێودەوڵەتییەکانی سەر ئێران.
 
سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران گوتی: "ئێمە گومانمان لە سێ وڵاتە ئەوروپییەکە هەیە، چونکە رۆڵێکی باش و ئەرێنییان نەبووە، بۆ نموونە پابەندی بەڵێنەکانیان لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئەتۆمیدا نەبوون، لەوانەش هەڵگرتنی گەمارۆکانی سەر ئێران". گوتیشی، نابێت ئێران پێشوازی لە درێژکردنەوەی بڕیارنامەی 2231ـی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کەمتر یان زیاتر لە شەش مانگ بکات، چونکە هیچ سوودێکی بۆ ئەوان نییە و "دەبێتە هۆی تێکدانی سەقامگیریی بازاڕ و کۆمەڵگەکەمان."
 
سەبارەت بە ئەگەری هێرشێکی دیکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران دەڵێت: "هیچ شتێک دیارنییە، ئەوەی دەتوانم بیڵیێم ئەوەیە پێویستە ئامادەبین بۆ شەڕ. ئەگەر خۆمان بۆ شەڕ ئامادە بکەین، دوژمن ناوێرێت هێرشمان بکاتە سەر و سوپاس بۆ خودا هێزە چەکدارەکانمان لەوپەری ئامادەییدان."
 
ئەگەر هەیە ئەمڕۆ یان سبەی هەینی، سێ وڵاتە ئەورووپییەکە میکانیزمی سناپ بەک کارا بکەنەوە. بە کاراکردنی میکانیزمەکە، لە ماوەی 30 رۆژدا ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارەی مژارەکە کۆدەبێتەوە و بڕیار لەسەر گەڕاندنەوەی ئەو گەماڕۆ نێودەوڵەتییانە دەدرێت کە دوای رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015 لەسەر ئێران هەڵگیراون.
 
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەیئێران رایگەیاندووە، وڵاتە ئەورووپییەکان مافی ئەخلاقی و یاساییان نییە بۆ کاراکردنەوەی میکانیزمی گەڕانەوەی گەماڕۆ نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر ئێران و هۆشداری داوە، لە ئەگەری کاراکردنی میکانیزمەکە تاران کاردانەوەی تووندی دەبێت.