ئێران دەڵێت "وەڵامێکی تووند و گونجاو"ی بۆ سەپاندنەوەی سزاکان دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
ئێران سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەسەر وڵاتەکەیدا بە "ناڕەوا" دادەنێت و دەڵێت، "وەڵامێکی تووند و گونجاو"ی دەبێت، دوای ئەوەی کاژێر 3:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ بە کاتی هەولێر سزا بەرفراوانەکان سەپێنرانەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند: "کاراکردنەوەی سزا هەڵوەشێنراوەکان نەک تەنیا لەڕووی یاساییەوە بێ بنەما و نادادپەروەرانەیە، بەڵکو پێویستە هەموو وڵاتان خۆیان لە داننان بەم دۆخە نایاساییەدا بە دوور بگرن."
دەشڵێت: "کاراکردنەوەی بڕیارە هەڵوەشێنراوەکان سووکایەتییەکی روونە بە کاری یاسا و هەر هەوڵێکی لەو جۆرە پووچەڵ و ناڕەوایە."
سەپاندنەوەی سزاکان دوای ئەوە هات وڵاتانی ئەورووپی میکانزمی سناپباک، واتە سەپاندنەوەی خێرای سزاکانیان، لە دژی ئێران کارا کرد، دوای ئەوەی کە تۆمەتباریان کرد بەوەی پابەندی رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015 نەبووە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت: "کۆماری ئیسلامیی ئێران پێداگرانە بەرگری لە ماف و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی دەکات. هەر کارێک زیان بە بەرژەوەندی و مافەکانی گەلی ئێران بگەیێنێت، وەڵامێکی تووند و گونجاومان بۆی دەبێت."
ئەمریکا و ئەورووپا چی دەڵێن؟
واشنتن داوا لە تاران دەکات، گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکادا بکات. ئەورووپییەکان هۆشداریی بە ئێران دەدەن خۆی لە هەر کارێک بە دوور بگرێت کە ببێتە هۆی "زیادبوونی گرژی."
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێنراوێکدا گوتی: "دیپلۆماسی هێشتا رێی تێدەچێت. گەیشتن بە رێککەوتن، باشترین ئەنجامە بۆ خەڵکی ئێران و جیهان. بۆ ئەوەی ئەمە رووبدات، پێویستە ئێران رازیبێت گفتوگۆی راستەوخۆ بە نیازپاکییەوە بکات، بێ کاتکوشتن و ئاڵۆزکردن."
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەروەها داوای لە وڵاتان کرد، "دەستبەجێ" سزاکان بەسەر ئێراندا جێبەجێ بکەن.
فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا لە راگەیێنراوێکی هاوبەشدا دەڵێن: "سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەتەوە یەکگرتووەکان کۆتایی دیپلۆماسی نییە."
سێ وڵاتە ئەورووپییەکە هەروەها دەڵێن: "داوا لە ئێران دەکەین خۆی لە هەر هەنگاوێک بە دووربگرێت، کە ببێتە هۆی زیادبوونی گرژی."
هەروەها داوای لێدەکەن "بگەڕێتەوە سەر پابەندبوون بە ئەرکە یاساییەکانی بۆ دڵنیاییدان" لەوەی کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بۆ مەبەستی ئاشتییانەیە.
ئەو سزایانەی بەپێی رێککەوتنی ساڵی 2015 هەڵگیرابوون، جارێکی دیکە کارا کرانەوە.
سزاکان کێ و چی دەکەنە ئامانج؟
سزاکان ئەو کۆمپانیا، دامەزراوە و کەسانە دەکەنە ئامانج کە راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ رۆڵ لە پەرەپێدانی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران یان مووشەکە بالیستییەکانیدا دەگێڕن.
هەر کەس یان لایەنێک کەرەستە، ئەزموون و شارەزایی یان پارە بۆ بەرنامەی ئەتۆمی یان مووشەکیی ئێران دابین بکات، بەر سزاکان دەکەوێ.
کاریگەری لەسەر بەشێکی گەورەی ئابووری
ئەو سزایانەی سەپێنرانەوە، رێگری لە هەر جۆرە فرۆشتن و گواستنەوەیەکی چەک بۆ ئێران دەکەن.
هاوردە و هەناردە و گواستنەوەی پێکهاتە و تەکنەلۆژیای پەیوەست بە پرۆگرامی ئەتۆمی و مووشەکی بالیستی قەدەخە دەکرێ.
سەروەت و سامانی ئەو دامەزراوە و کەسانەی پەیوەندییان بە پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێرانەوە هەیە، لە دەرەوەی وڵات سڕ دەکرێ.
ئەو کەسانەی بە هەر جۆرێک رۆڵیان لە چالاکییە ئەتۆمییە قەدەخەکراوەکانی ئێران هەیە، رێگەیان پێ نادرێ گەشت بکەن بۆ وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان.
پێویستە وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان رێکار دژی ئەو دامەزراوە بانکی و داراییانە بگرنەبەر کە گومانیان لێدەکرێ یارمەتیی پرۆگرامە ئەتۆمی و بالیستییەکانی ئێران بدەن.
هەر کەسێک سیستمی سزاکان پێشێل بکات، سەروەت و سامانەکەی لە سەرانسەری جیهاندا سڕ دەکرێ.
سزای جیای ئەورووپی
لەگەڵ سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەکرێ یەکێتیی ئەورووپا هەندێ سزای دیکە بە جیا بسەپێنێت.
ئامانج لە سزاکان لێدانە لە ئابووریی ئێران، نەوەک تەنیا بۆ رێگریکردن لە چالاکییە ئەتۆمییەکانی، بەڵکو بۆ دروستکردنی گوشاری دارایی لەسەر تاران بۆ ئەوەی پابەندی داواکارییەکان بێت.
وڵاتانی رۆژئاوا ترسیان لەوە هەیە ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی؛ بابەتێک کە تاران بە تووندی رەتیدەکاتەوە، لە کاتێکدا بەرگری لە مافی خۆی دەکات بۆ پەرەپێدانی پرۆگرامێکی ئەتۆمی بۆ مەبەستی دروستکردنی وزەی کارەبا و لێکۆڵینەوەی زانستی.
پێشتریش ئەمریکا سزاکانی خۆی بەسەر ئێراندا سەپاندووەتەوە، لەوانەش قەدەخەکردنی کڕینی نەوتی تاران لەلایەن وڵاتانی دیکەوە، ئەوەش دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیدا لە رێککەوتنە ئەتۆمییەکە کشایەوە.
میکانیزمی سناپباک چۆن جێبەجێ دەکرێ؟
ئەم میکانیزمە بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کارا دەکاتەوە، بەڵام جێبەجێکردنی کرداریی میکانیزمەکە، پێویستی بەوەیە وڵاتانی ئەندام یاساکانی خۆیان هەموار بکەنەوە بۆ ئەوەی پابەندی بن.
بڕیاردان لەسەر دەرکردنی یاسا بۆ جێبەجێکردنی سزاکان دەکەوێتە ئەستۆی یەکێتیی ئەورووپا و بەریتانیا، بەڵام هیچ لایەنێکیان وردەکاریی پرۆسەکەیان رووننەکردووەتەوە.
سزاکان چۆن دەسەپێندرێن؟
بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش و سزاکانی پەیوەست پێیەوە پابەندکەرن، بەڵام زۆرجار پێشێل دەکرێن.
پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە ئایا وڵاتانی وەک چین و رووسیا کە کاراکردنەوەی میکانیزمی سناپباک بە نایاسایی دەزانن، بڕیاری پابەندنەبوون دەدەن؟
هەندێک وڵات، لەنێویاندا چین، سەرەڕای سزاکانی ئەمریکا بەردەوام بوون لە بازرگانیکردن لەگەڵ ئێران. زلهێزە ئەورووپییەکان پێشبینی دەکەن رووسیا پابەندی سزاکان نەبێ، بەڵام کاردانەوەی پەکین، کە بڕێکی زۆری نەوت لە ئێران دەکڕێ، روون نییە چۆن دەبێت.
کلیمێنت تێرم، توێژەر لە "پەیمانگای نێودەوڵەتی بۆ توێژینەوەی ئێران"ی سەر بە زانکۆی سۆربۆنی فەرەنسا دەڵێت: "خۆدزینەوە لە سزاکان باجی هەیە؛ باجی سیاسی و هەروەها دارایی و ئابووری، چونکە مامەڵە داراییەکان زۆر گرانتر بوون."
کۆمپانیاکانی گواستنەوەی دەریایی لەو کەرتانەن کە بە رادەیەکی زۆر کاریگەری سزاکانیان بەردەکەوێ.
تێرم گوتیشی: "بۆ سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، رەنگە گەمارۆیەکی تەواو نەبینین، بەڵکو بەرزبوونەوەی تێچووەکان دەبینین."