شارەزایەکی ئەتۆمی: ئێران دەتوانێت دوور لە چاوی پشکنەرەکان پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی بنیات بنێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
کاژێر 03:00ی بەیانیی ئەمڕۆ بە کاتی هەولێر، کۆمەڵێک سزای قورسی نەتەوە یەکگرتووەکان بەسەر ئێراندا سەپێنراوە. لەوبارەیەوە شارەزایەکی ئەتۆمی هۆشداریی دەدات کە ئەو وڵاتە دەتوانێت دوور لە چاوی پشکنەرە نێودەوڵەتیییەکان پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی بنیات بنێتەوە.
کێڵسی دەیڤنپۆرت، شارەزای ئەتۆمی لە رێکخراوی "کۆمەڵەی کۆنترۆڵکردنی چەک" لە واشنتن، رایگەیاند، پێویستە ئەمریکا پشتیوانی لە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بکات پشکنەرەکانی بتوانن بگەنە بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران و پشکنین بکەن، ئەگەر نا، ئێران دەتوانێت بە نهێنی پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی بنیات بنێتەوە.
دەیڤنپۆرت گوتی، "پێدەچێت ئیدارەی ترەمپ وا بیربکاتەوە لەدوای" هێرشەکانی حوزەیرانی ئەمساڵ بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران "دەستی باڵاتر بێت و بتوانێت چاوەڕێی گەڕانەوەی ئێران بۆ سەر مێزی گفتوگۆ بکات."
بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ئەو زانستەی ئێران لە پەرەپێدانی بەرنامەی ئەتۆمی هەیەتی و ئەو یۆرانیۆمە پیتێنراوەی لە ئێران ماوەتەوە و بە هێرشە ئاسمانییەکان لەنێونەچووە، دەیڤنپۆرت دەڵێت، ئەم بیرکردنەوەیەی ئەمریکا "زۆر مەترسیدارە."
لەلایەکی دیکەوە، خەڵک نیگەرانن لەبارەی دەستپێکردنەوەی شەڕ و پێکدادان لەنێوان ئێران و ئیسرائیل کە رێی تێ دەچێت ئەمریکاش تێیدا بەشدار بێت، بەتایبەتی کە پێدەچێت کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستی کە لە مانگی حوزەیراندا لە کاتی جەنگی 12 رۆژەدا لێیان درا، ئێستا بنیات دەنرێنەوە.