سوپاسالاری ئێران: هێزە چەکدارەکانمان بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر هەڕەشەیەک ئامادەن
رووداو دیجیتاڵ
سوپاسالاری ئێران رایگەیاند، بەهێزکردن و نوێکردنەوەی سیستمەکان و کەرەستە سەربازییەکانی وڵات پێشکەوتنێکی باشیان بەخۆیەوە بینیوە و دەشڵێت: "هێزە چەکدارەکانمان ئامادەن بەوپەری هێز و تواناوە رووبەڕووی هەر هەڕەشە و دەستدرێژییەک ببنەوە."
ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ـی ئەیلوولی 2025، عەبدولڕەحیم مووسەوی، سوپاسالاری ئێران و محەممەد پاکپوور، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران لە بارەگای سوپای پاسداران لە تاران کۆبوونەوە و دۆخی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان تاوتوێ کرد.
بە گوێرەی میدیای فەرمیی ئێران، سوپاسالاری ئێران و فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران جەختیان لەسەر بەهێزکردنی توانا سەربازییەکانی وڵاتەکە بۆ بەرگریکردن و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی، زیاترکردنی ئامادەکارییەکان بۆ "رووبەڕووبوونەوەی هەموو هەڕەشە و دەستدرێژییەکی دووژمنان" کردەوە.
عەبدولڕەحیم مووسەوی، سوپاسالاری ئێران رەزامەندی خۆی لە بەرامبەر پرۆسەی بەهێزکردنی توانا سەربازییەکان، نوێکردنەوەی سیستم و کەرەستە سەربازییەکانی وڵاتەکە دەربڕی و رایگەیاند، "هێزە چەکدارەکان بۆ هەموو ئەگەرەکان و بە تایبەت رووبەڕووبوونەوەی بەهێزی هەر هەڕەشە و دەستدرێژییەکی دووژمنان ئامادەن."
بە گوتەی سوپاسالاری ئێران، "پێویستە هاوئاهەنگی، هاوکاری و یەکریزیی نێوان هەموو هێزە چەکدارەکان بە تایبەت سوپا و سوپای پاسداران زیاتر بکرێت."
محەممەد پاکپوور، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانیش لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاند، "سوپای پاسداران بۆ پاراستنی سنوورەکان و ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت و هەموو هێزە وشکانی، دەریایی، ئاسمانی، هەواڵگری و توانا مووشەکییەکانی بۆ هەموو ئەگەرێک ئامادەن."
کۆبوونەوەی دوو فەرماندە باڵا سەربازییەکەی ئێران لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ دوای شکستی گفتوگۆ و دانوستاندنەکانی نێوان ئێران و ئەورووپا لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمیی ئەو وڵاتە، میکانیزمی گەڕاندنەوەی خێرای سزاکان کە بە "سناپ باک" ناسراوە، لە دژی ئێران کارا کرایەوە و دوای 10 ساڵ هەموو سزا نێودەوڵەتییەکانی سەر ئێران چالاک کرانەوە.