لایەنە تووندڕۆکانی ئێران داوای دروستکردنی چەکی ئەتۆمی دەکەن

رووداو دیجیتاڵ

دوای چەندین هەفتە لە دانوستاندن، ئێران و لایەنە ئەورووپییەکان نەگەیشتنە رێککەوتن. ئەنجوومەنی ئاسایش دواخستنی سەپاندنەوەی سزاکانی سەر ئێرانی رەتکردەوە و تاران کاردانەوەی تووندی پێشان دا.
 
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، "ئێران هەرگیز چۆک بۆ گوشارەکان دانادات. ئێمە هەمیشە وەڵامی رێزگرتن دەدەینەوە. بژاردەکە روونە؛ تێکچوونی دۆخەکە یان دیپلۆماسی."
 
لە هەوڵێکدا بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی دیپلۆماسی و بەر لە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش، لە نیویۆرک مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە لەگەڵ چەندین بەرپرسی ئەورووپی کۆبوونەوە، بەڵام گفتوگۆکان بێ ئەنجام بوون.
 
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران: "داواکاریی ئەمریکا بە جۆرێکە کە قبووڵ ناکرێت. داوا دەکەن هەموو یۆرانیۆمەکەمانیان رادەست بکەین و دواتر ئەوان سێ مانگ دەرفەتمان پێ بدەن. گاڵتەجارییە و هیچ واتایەکی نییە."
 
لەگەڵ نزیکبوونەوەی لە کاژێری سفر بۆ سەپاندنەوەی سزاکان، لایەنە نەریتخواز و تووندڕۆکانی نێو پەرلەمان، داوای گۆڕینی سیاسەتی ئەتۆمیی وڵاتەکە و دروستکردنی چەکی ئەتۆمی دەکەن.
 
عەلی نیکزاد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ئاماژە بەوە دەدات، "ژمارەیەک لە هاوکارانمان کە زیاتر لە 71 کەسن، نامەیەکیان نووسیوە و داوایان لە ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی کردووە سیاسەتی ستراتیژی بەرنامەی ئەتۆمیی وڵات بگۆڕدرێت. بێ گومان رۆژی یەکشەممە لە پەرلەمان ئەم بابەتە بە شێوەیەکی جیدی گفتوگۆی لەسەر دەکرێت."
 
بە سەپاندنی سزاکان، سەروەت و سامانی ئێران لە دەرەوەی وڵات سڕ دەکرێن، فرۆشتنی چەک بە تاران رادەگیرێ و گەمارۆ دەخرێتە سەر بەرنامەی مووشەکی بالیستی وڵاتەکە، ئەوەش گوشاری زیاتر دەخاتە سەر ئابوورییە داتەپیوەکەی ئەو وڵاتە.