نەتەوە یەکگرتووەکان لیستی 42 کەس و 78 دامەزراوەی سزادراوی ئێرانی بڵاوکردەوە

رووداو دیجیتاڵ

دوابەدوای کاراکردنەوەی میکانیزمی سناپباک لەلایەن وڵاتانی ئەورووپاوە، نەتەوە یەکگرتووەکان لیستی نوێکراوەی ئەو کەس و دامەزراوە ئێرانییانەی بڵاوکردەوە کە جارێکی دیکە خراونەتەوە ژێر سزاکانی ئەنجوومەنی ئاسایش. 
 
لیستەکە ناوی 42 کەسایەتیی سەربازی و زانستی و 78 کۆمپانیا و دامەزراوەی لەخۆگرتووە کە زۆربەیان پەیوەستن بە بەرنامەی ئەتۆمی و مووشەکیی ئێرانەوە.
 
رۆژی یەکشەممە 28-09-2025، سێ وڵاتە ئەورووپییەکە (فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا) بەهۆی ئەوەی ئێرانیان بە "پێشێلکاریی بەرچاوی پابەندییەکانی" لە رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015 تۆمەتبار کرد، میکانیزمی گەڕاندنەوەی خێرای سزاکانیان کارا کرد. ئەم هەنگاوە بووە هۆی گەڕانەوەی سەرجەم ئەو سزایانەی پێشتر بەپێی بڕیاری 2231ـی ئەنجوومەنی ئاسایش هەڵگیرابوون.
 
گرنگترین ئەو کەسانەی سزاکان دەیانگرێتەوە
 
لیستەکە ژمارەیەک فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران، زانایانی ئەتۆمی و بەرپرسانی باڵای وەزارەتی بەرگریی ئێرانی لەخۆگرتووە، لەوانە:
 
- قاسم سولەیمانی: فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران
 
- یەحیا رەحیم سەفەوی: فەرماندەی پێشووی سوپای پاسداران
 
- فەرەیدوون عەباسی دۆانی: زانای باڵای وەزارەتی بەرگری و سەرۆکی پێشووی رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران
 
- محسن فەخریزادە : زانای باڵای وەزارەتی بەرگری کە بە "باوکی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران" دادەنرا
 
- محەممەد رەزا زاهیدی: فەرماندەی هێزی زەوینیی سوپای پاسداران
 
- حسێن سەلیمی: فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران
 
هەروەها لیستەکە ژمارەیەکی دیکە لە بەڕێوەبەر و ئەندازیارانی دامەزراوەکانی وەک نەتەنز، ئەراک و بەرپرسانی رێکخراوی پیشەسازیی بۆشایی ئاسمان (AIO) لەخۆدەگرێت.
 
گرنگترین ئەو دامەزراوانەی سزاکان دەیانگرێتەوە
 
نزیکەی 78 کۆمپانیا، دامەزراوە و گرووپی پیشەسازی خراونەتەوە ژێر سزا، کە رۆڵی سەرەکییان لە پرۆگرامە ئەتۆمی و مووشەکییەکاندا هەیە. دیارترینیان:
 
رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران (AEOI): دامەزراوەی سەرەکیی حکومی کە سەرپەرشتیی سەرجەم چالاکییە ئەتۆمییەکان دەکات.
 
رێکخراوی پیشەسازییەکانی بەرگری (DIO): دامەزراوەیەکی سەر بە وەزارەتی بەرگرییە و چەندین کۆمپانیای لاوەکی لەژێردەستدایە.
 
بانکی سێپە و بانکی سێپەی نێودەوڵەتی: بە تۆمەتی پێشکەشکردنی پشتیوانیی دارایی بە رێکخراوی پیشەسازیی بۆشایی ئاسمان.
 
بارەگای خاتەم ئەنبیای ئاوەدانکردنەوە (KAA): باڵێکی ئەندازیاریی گەورەی سەر بە سوپای پاسدارانە.
 
گرووپی پیشەسازیی شەهید هیمەت (SHIG) و گرووپی پیشەسازیی شەهید باقری (SBIG): دوو دامەزراوەی سەرەکیی سەر بە رێکخراوی پیشەسازیی بۆشایی ئاسمانن کە لە بواری پرۆگرامی مووشەکە بالیستییەکاندا کار دەکەن.
 
کۆمپانیای کەشتیوانیی ئیرانۆ-هیند و هێڵی کەشتیوانیی باشوور.
 
سزاکان سڕکردنی سەروەت و سامانی ئەو کەس و دامەزراوانە، قەدەخەی گەشتکردن و قەدەخەی مامەڵەکردن لەگەڵیاندا لەخۆدەگرێت، بە ئامانجی دروستکردنی گوشار لەسەر تاران بۆ پابەندبوون بە ئەرکە نێودەوڵەتییەکانی.
 
گەڕاندنەوەی سزاکان دوای ئەوە هات کە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی یەکێتیی ئەورووپا لەگەڵ ئێراندا بۆ پابەندبوونەوەی تەواوەتی بە رێککەوتنە ئەتۆمییەکەوە شکستیان هێنا. 
 
کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاند: "بەداخەوە نەگەیشتینە ئەنجامێک کە رێگە بە درێژکردنەوەی بڕیاری 2231 بدات،" بەڵام جەختیشی کردەوە کە "گەڕانەوەی سزاکان نابێت کۆتایی دیپلۆماسی بێت."
 
لە بەرامبەردا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەنگاوەکەی بە "نایاسایی و بێ بنەما" ناوبرد و هەڕەشەی "وەڵامێکی تووند و گونجاو"ـی کرد. 
 
ئەمریکا پشتیوانیی خۆی بۆ کاراکردنەوەی سزاکان راگەیاند و داوای گفتوگۆی راستەوخۆی لەگەڵ تاران کرد، هاوکات داوای لە وڵاتانی جیهان کرد "دەستبەجێ" سزاکان جێبەجێ بکەن.