لە سیستان و بەلووچستانی ئێران پاسەوانێکی سنوور کوژرا
رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی هەواڵی فارس نیوز رایگەیاند، لە هێرشێکی چەکداری دا بۆ سەر پاسەوانی سنوور لە سیستان و بەلووچستان، پاسەوانێکی سنوور کوژرا.
ئاژانسی هەواڵی فارس نیوز بڵاویکردەوە، پاسەوانەکە ناوی "هادی سەیدی"یە و لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکەی بە دەستڕێژی گولـلە کوژراوە.
فارس نیوز دەشڵێت، ئەو پاسەوانەی کوژراوە خەڵکی شاری کەلالەیە لە پارێزگای گوڵستان.
بەپێی فارس نیوز، پۆلیس دوای رووداوەکە دەستبەجێ لێکۆڵینەوەی دەستیپێکردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ گرووپ و لایەنێک بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی لەئەستۆ نەگرتووە.
ئەمە چوارەم هێرشی چەکدارییە لەو پارێزگایە لەماوەی نزیکەی دوو مانگدا روودەدات.
رۆژی چوارشەممە 7-01-2026، لە هێرشێکی چەکداری دا بۆ سەر بنکەیەکی پۆلیس لە شاری ئێرانشار، پۆلیسێک کوژرا.
رۆژی دووشەممە 16-12-2025، ژمارەیەک چەکدار لە دەروازەی شاری "فەهروج" هێرشیان کردە سەر خاڵێکی پشکنینی هێزە ئەمنییەکان و لە ئەنجامدا سێ ئەندامی سوپای پاسداران و هاووڵاتییەکی سڤیل کوژران؛ گرووپی "جەیشولعەدل" بەرپرسیارێتیی ئەو هێرشەی لە ئەستۆ گرت.
رۆژی چوارشەممە، 10-12-2025، لە ناوچەی سنووریی "لار"ـی سەر بە شاری زاهیدان، چەکدارەکان هێرشیان کردە سەر هێزەکانی سوپای پاسداران و سێ پاسداریان کوشت.
گرووپی "جەیشولعەدل" کە گرووپێکی چەکداریی بەلووچەکانە و دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران چالاکی دەکات، ناوەناوە هێرش دەکاتە سەر بنکە و بارەگا ئەمنییەکانی پارێزگای سیستان و بەلووچستان.