شەپۆلێکی نوێی هێرشەکان؛ تاران دەهەژێت

رووداو دیجیتاڵ
 
سوپای ئیسرائیل رایدەگەیێنێت، هێرشیان کردووەتە سەر بارەگای بەرهەمهێنان و پەرەپێدانی چەکی دەریایی ئێران لە تاران. ئەمەش لە کاتێکدایە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران پێینایە مانگی دووەمیەوە و ململانێکان لە یەمەنەوە تاوەکو وڵاتانی کەنداو و لوبنان فراوانتر بوون.
 
لە راگەیێندراوێکدا، سوپای ئیسرائیل ئاشکرای کرد، شەوی شەممە لەسەر یەکشەممە، دەیان فڕۆکەی جەنگی زنجیرەیەک هێرشی بەرفراوانیان کردووەتە سەر ژێرخانی سەربازیی ئێران لە سەرتاسەری تاران. یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکان "بارەگای رێکخراوی پیشەسازییە دەریاییەکان" بووە، کە تایبەتە بە لێکۆڵینەوە و دروستکردنی چەندین جۆر چەکی دەریایی. هەروەها چەندین ناوەندی دروستکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانییش بۆردوومان کراون.
 
پەیامنێرانی ئاژانسی فرانس پرێس لە تاران پشتڕاستیان کردەوە، ئێوارەی شەممەش دەنگی تەقینەوەی بەهێز لە رۆژهەڵاتی پایتەختی ئێران بیستراوە.
 
تاران "دەهەژێت"
 
ژنە هونەرمەندێکی تەمەن 32 ساڵ لە تاران کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت لە رێگەی تەلەفۆنەوە باسی لە ساتی هێرشەکانی شەوی هەینی بۆ ئاژانسی فرانس پرێس کرد و گوتی: "زۆر تووند بوو، وەک ئەوەی تەواوی تاران بهەژێت." ئەو ژنە بە نیگەرانییەوە گوتی: "ئێمە لەبەردەم حکومەتێکداین کە خەڵک دەکوژێت و دەسەڵاتمان نییە، ئەم جەنگەشمان ناوێت. ئێمە تەنیا ژیانێکی ئاساییمان دەوێت."
 
لە گەڕەکەکانی تاران، بڵاوبوونەوەی هێزە ئەمنییەکان کەمبووەتەوە و بە تاقم بڵاودەبنەوە بۆ ئەوەی نەبنە ئامانجی درۆنەکان. چەندین باڵەخانەی نیشتەجێبوون بەهۆی زیانی بۆردوومانەکانەوە چۆڵکراون، لە کاتێکدا وێنەی منداڵە کوژراوەکانی جەنگ لەسەر شەقامەکان هەڵواسراون.
 
هەوڵی دیپلۆماسی و هەڕەشەی نەوت
 
لە چەند رۆژی رابردوودا هەوڵە دیپلۆماسییەکان چڕبوونەتەوە. بڕیارە رۆژانی یەکشەممە و دووشەممە، بەرپرسانی تورکیا، پاکستان، میسر و سعودیە لە ئیسلام ئاباد کۆببنەوە بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەک. مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران پێشوازی لەم هەوڵانە کرد.
 
لەلایەکی دیکەوە، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتی واشنتن دەتوانێت لە "2 هەفتەی داهاتوودا" ئامانجەکانی لەم جەنگەدا بپێکێت، بێ ناردنی هێزی زەمینی. بەڵام ئیسماعیل ئەسفەهانی، جێگری سەرۆککۆماری ئێران هۆشداری دا: "پێ بنێنە سەر خاکی ئێران، ئەوکات کەمترین نرخی نەوت دەبێتە 150 دۆلار."
 
لەوەتەی جەنگەکە دەستیپێکردووە، ئێران گەرووی هورمزی داخستووە، ئەمەش نرخی نەوت و گازی بەرزکردووەتەوە. رۆژی شەممە، حووسییەکانی یەمەنیش بە فەرمی چوونە نێو جەنگەکەوە و یەحیا سەریع، گوتەبێژی گرووپەکە 2 هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر باشووری ئیسرائیل راگەیاند.
 
هێرشی چڕ بۆ سەر وڵاتانی کەنداو و برینداربوونی ئەمریکییەکان
 
ئێران هێرشەکانی بۆ سەر وڵاتانی کەنداو چڕتر کردووەتەوە:
 
- سعودیە: رۆژنامەکانی نیویۆرک تایمز و وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویانکردەوە، رۆژی هەینی بەهۆی هێرشی مووشەکی و درۆنیی ئێران بۆ سەر بنکەی ئاسمانیی ئەمیر سوڵتان، 12 سەربازی ئەمریکی بریندار بوون کە باری تەندروستیی دووانیان سەختە، هەروەها فڕۆکەی پڕکردنەوەی سووتەمەنی زیانی پێگەیشتووە.
 
- عومان: بەندەری (سەلالە) بەشێوەیەکی کاتی چۆڵکرا دوای هێرشی درۆن کە کرێکارێکی بریندار کرد و زیانی ماددیی لێکەوتەوە.
 
- ئيمارات: بەهۆی کەوتنەخوارەوەی پارچەی مووشەکی ئێران لە ناوچەیەکی پیشەسازیی ئەبوزەبی، ئاگر کەوتەوە و 6 کەس بریندار بوون.
 
- کوێت و بەحرەین: هێرشێکی درۆنی "زیانی گەورەی" بە راداری فڕۆکەخانەی کوێت گەیاند. بەحرەینیش ئاگرێکی کۆنترۆڵ کرد، کە بەهۆی هێرشی ئێرانەوە کەوتبووەوە.
 
باجی قورسی سڤیلەکان و دۆخی لوبنان
 
لە هەردوو بەرەی جەنگەکەدا خەڵکی سڤیل قوربانیی سەرەکین. لە نێوەڕاستی ئیسرائیلدا 11 کەس بەهۆی پارچەی مووشەکی ئێرانەوە بریندار بوون. لە ئێرانیش، میدیا نێوخۆییەکان دەڵێن شەوی هەینی 12 کەس بەهۆی بۆردوومانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە کوژراون.
 
لە لوبنانیش کە لە 2ی ئادارەوە پەلکێشی جەنگەکە بووە، دۆخەکە کارەساتبارە. رۆژی شەممە 3 رۆژنامەڤان لە هێرشێکی ئیسرائیلدا کوژران. بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە سەرەتای ئەم مانگەوە تاوەکو ئێستا، هێرشەکانی ئیسرائیل زیاتر لە هەزار کوژراو و 1 ملیۆن ئاوارەی لە لوبنان لێکەوتووەتەوە.