ئێران هۆشداریی تووند دەداتە ترەمپ: سەربازانی ئەمریکا دەبنە خۆراکی قرشەکانی کەنداو


رووداو دیجیتاڵ

بارەگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیای ئێران هێرشی تووند دەکاتە سەر سەرۆکی ئەمریکا و دەڵێ، هێزە چەکدارەکانی ئێران چاوەڕێی هەر جووڵەیەکی سەربازیی واشنتن دەکەن بۆ ئەوەی "تەرمی سەربازانی ئەمریکا بدەنە قرشەکانی کەنداوی فارس".
 
ئیبراهیم زولفەقاری، گوتەبێژی بارەگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیا لە راگەیێندراوێکدا کە ئاراستەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای کردووە، دەڵێت: "ترەمپ چەندین جار هەڕەشەی ئۆپەراسیۆنی زەوینی و داگیرکردنی هەندێک لە دوورگەکانی ئێرانی لە کەنداوی فارس کردووە، بەڵام گومانی تێدا نییە ئەو بەهۆی دۆسیەی ئێپستینەوە لەژێر گوشاری دەزگای مۆساددایە و بووەتە بووکەڵەی دەستی سەرۆکوەزیرانی رژێمی زایۆنی بۆ هەڵگیرساندنی جەنگ دژی ئێران."
 
لە راگەیێندراوەکەدا گوتەبێژی خاتەمولئەنبیا دەڵێت: "سەرۆکی ئەمریکا کە بە درۆزنترین سەرۆکی جیهان ناسراوە، هیچ جۆرە سەقامگیرییەکی هزری و گوتاری نییە و بە هیچ شێوەیەک جێگەی متمانە نییە. بەداخەوە سەرکردەکانی ئەمریکا دەسەڵاتی فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانیان سپاردووە بە کەسێک کە بەهۆی تێکچوونی هاوسەنگیی دەروونی و بڕیارە مەترسیدارەکانییەوە سوپای ئەمریکای خستووەتە نێو زەلکاوێکی کوشندەوە."
 
ئەو فەرماندەیەی ئێران ئاماژەی بەوەش کردووە، ترەمپ و فەرماندەکانی لە کاتێکدا هەزاران کیلۆمەتر لە گۆرەپانی جەنگەوە دوورن، داوای خۆڕاگری لە سەربازەکانیان دەکەن و گوتی: "ئەو سەربازانە ئێستا لە بنکە تێکشکاوەکان هەڵاتوون و پەنایان بۆ ناوەندە خزمەتگوزاری و ئابوورییەکانی وڵاتانی ناوچەکە بردووە."
 
لەبارەی ئەگەری هەر هێرشێکی زەوینی بۆ سەر خاک و دوورگەکانی ئێران، گوتەبێژەکەی خاتەمولئەنبیا هۆشداری دەدات و دەڵێت: "گیانبەختکەرانی ئیسلام ماوەیەکی درێژە چاوەڕێی هەنگاوێکی لەو شێوەیەن تاوەکو بیسەلمێنن کە داگیرکاری ئەنجامێکی جیا لە دیلبوونی سەرشۆڕانە، پارچەپارچەبوون و ونبوونی تەرمی داگیرکەرانی نابێت. فەرماندە و سەربازانی ئەمریکی دەبنە خۆراکێکی باش بۆ قرشەکانی کەنداوی فارس."
 
لە کۆتایی راگەیێنراوەکەدا داوا لە ترەمپ و سەرکردە سەربازییەکانی ئەمریکا کراوە مێژووی ئێران بخوێننەوە و وانە لە بەرەنگاربوونەوەی ئێرانییەکان وەربگرن و دەشڵێت: "نەکەن بەهۆی وەهمەکانی سەرۆکە ناهاوسەنگەکەتان، سەربازانتان رەوانەی نێو قوڕگی مەرگ بکەن و گەلی ئەمریکا بە فراوانی کۆستکەوتوو بکەن. هێزە چەکدارە لێهاتووەکانی ئێران چرکە دەژمێرن بۆ تێکشکاندنی سوپاکەتان ئەگەر هەڕەشەکانتان جێبەجێ بکەن."