سوپای پاسدارانی ئێران دەستیکرد بە شەپۆلێکی دیکەی هێرشەکان


رووداو دیجیتاڵ

پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممەوە، قۆناخی 86ـی ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی راست 4" لەرێگەی مووشەک و درۆنەوە بۆ سەر ئامانجەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکە دەستیپێکردووە.
 
سوپای پاسدارانی ئێران هێرشەکەی بە ناوی رۆژنامەنووسانی کوژراو (عەلی شوعەیب، محەممەد فتونی و فاتیمە فتونی) کردووە، کە دوێنێ لە بۆردوومانێکی ئیسرائیلدا لە لوبنان کوژران .
 
بەپێی راگەیێنراوەکە :"ژێرخانە ئاسمانییەکان، یەکە درۆنییەکان و کۆگەکانی چەک و تەقەمەنی لە بنکە سەربازییەکانی (ڤیکتۆریا، عەریفجان و ئەلخەرج)ی ئەمریکی کراونەتە ئامانج، هێرشەکان شوێنی جێگیربوونی هێزەکانی ئەمریکا، ئیسرائیل و "حیزبی کۆمەڵە"یان لە ناوچەکانی ئاراد، نەقەب، تەلئەڤیڤ، هەولێر، ناوەندی پێنجەمی دەریایی و بنکەی "زەفرە" کردووەتە ئامانج.
 
سوپای پاسداران راشیگەیاندووە، بڵاوبوونەوەی دیمەنی ستوونی دووکەڵ و تەقینەوەکان لە ناوچەکە و وێنەی تێکشانی فڕۆکە "ملیۆن دۆلارییەکانی" ئەمریکا، وایکردووە هەوڵی بەرپرسان و میدیاکانی هاوپەیمانی ئەمریکا بۆ سانسۆرکردنی هێرشەکانی ئێران شکستی بهێنێت.
 
تاوەکو ئێستا لایەنی ئەمریکی و ئیسرائیلی بە فەرمی کاردانەوەیان بەرامبەر ئەم راگەیێندراوەی سوپای پاسداران نەبووە.