کحولی باڵیۆزخانەی سویسرا لە تاران، ئێرانییەکان تووڕە دەکات
رووداو دیجیتاڵ
ئاشکراکردنی بوونی بڕێکی زۆر لە خواردنەوە کحولییەکان لەناو باڵیۆزخانەی سویسرا لە تاران، گرژیی دیپلۆماسی لەنێوان هەردوو وڵات دروست دەکات. باڵیۆزی ئێران لە بێرن ئەو کارە بە "بێڕێزی" بەرامبەر یاساکانی وڵاتەکەی دەزانێت و وەزارەتی دەرەوەی سویسراش بەرگری لە باڵیۆزەکەی دەکات.
ئۆلیڤیەر بانگێرتەر، باڵیۆزی سویسرا لە تاران، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە شاری بێرن، پەردەی لەسەر نهێنییەکانی ناو باڵیۆزخانەکەیان لە تاران لادا. ئەمەش دوای ئەوەی بەهۆی جەنگی ئیسرائیل و ئەمریکا دژی ئێران، ستافی باڵیۆزخانەکە تاران جێدەهێڵن.
بەفرگرێک لە پەناگەیەکی قایمدا
باڵیۆزی سویسرا، باسی لەو ساتانە کرد تاران لەژێر هێرشدا بووە و ئەوان لە ژێرزەوینی باڵیۆزخانەکەدا خۆیان پاراستووە.
بانگێرتەر لە وەڵامی پرسیارێکی رۆژنامەڤاناندا سەبارەت بە دۆخی ناو پەناگەکە گوتی: "پەناگەکە زۆر بە قایمی دروستکراوە، شوێنی نووستن و سیستمی ساردکەرەوەی تێدا بوو. تەنانەت بەفرگرێکمان هەبوو کە پڕ بوو لە یەدەگی کهول بۆ ئاهەنگەکانی باڵیۆزخانە، بەڵام دەستمان لێ نەداوە."
کاردانەوەی تووندی تاران
ئەم لێدوانانە بەخێرایی گەیشتنەوە تاران و کاردانەوەی تووندی دیپلۆماتکارانی ئێرانی لێکەوتەوە. باڵیۆزخانەی ئێران لە بێرن، قسەکانی باڵیۆزی سویسرای وەک دنەدان وەسفکرد.
لایەنی ئێرانی جەختی کردەوە، خواردنەوە کحولییەکان لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بە هەموو شێوەیەک قەدەخەن و پێویست بوو دیپلۆماتکارانی سویسرا بەپێی "پەیماننامەی ڤییەننا بۆ پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان" رێز لە یاسا و بەهاکانی وڵاتی خانەخوێ بگرن.
لە بەرامبەردا، وەزارەتی دەرەوەی سویسرا هاتە دەنگ و رایگەیاند، باڵیۆزەکەیان هیچ سەرپێچییەکی نەکردووە و ئەرکەکانی خۆی بەپێی پرۆتۆکۆڵە نێودەوڵەتییەکان جێبەجێ کردووە.
هەڵاتن لەژێر بۆردووماندا
ئۆلیڤەر بانگێرتەر، ئاماژەی بەوەش کرد، هەفتەکانی رابردوو بۆ ئەوان "پڕ لە سترێس و گوشار" بووە. گوتیشی: "لە کۆتایی مانگی شوباتدا، تەنیا 30 خولەکمان مابوو بۆ گواستنەوەی چوار کارمەندی دیکە، بەڵام هێرشە ئاسمانییەکان دەستیان پێکرد و پلانەکەیان پەکخست."
باڵیۆزی سویسرا ئەوەشی خستەڕوو کە سەرەنجام توانیویانە بەپێی پلانێکی تۆکمە و لە رێگەی وشکانییەوە، سەرجەم ستافی باڵیۆزخانەکە بە سەلامەتی لە خاکی ئێران ببەنە دەرەوە.