سوپای پاسداران: هێرشمان کردە سەر دوو کارگەی ئەلەمنیۆم لە ئیمارات و بەحرێن
رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، هێزە ئاسمانی و دەریاییەکانیان لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا بە مووشەک و درۆن، هێرشیان کردووەتە سەر دوو کارگەی گەورەی ئەلەمنیۆم لە وڵاتانی ئیمارات و بەحرێن کە بە گوتەی ئەوان، پەیوەندییان بە پیشەسازییە سەربازییەکانی ئەمریکاوە هەیە.
یەکشەممە 29-3-2026 پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، ئەم هێرشە وەک وەڵامێکە بۆ هێرشەکانی ئەمریکا، کە لە رێگەی وڵاتانی کەنداوەوە ژێرخانی پیشەسازیی ئێرانیان کردووەتە ئامانج.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، سوپای پاسداران دوو ناوەندی گەورەی پیشەسازیی پێکاوە کە بریتین لە:
کارگەی 'ئیمال' (EMAL) لە ئیمارات: کە خاوەنی درێژترین هێڵی بەرهەمهێنانی ئەلەمنیۆمە لە جیهاندا و توانای بەرهەمهێنانی 1.3 ملیۆن تۆنی هەیە.
کارگەی 'ئەلبا' (ALBA) لە بەحرێن: کە سوپای پاسداران دەڵێت کۆمپانیا ئەمریکییەکان پشکیان تێیدا هەیە و رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە دابینکردنی پێداویستیی پیشەسازییە سەربازییەکانی سوپای ئەمریکا.
سوپای پاسداران هۆشداریی تووند دەدات و رایدەگەیێنێت کە لەمەودوا ستراتیژیی وەڵامدانەوەی تاران دەگۆڕێت. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "وەڵامی ئێران بۆ هەڕەشە و دەستدرێژییەکان چیدی لەسەر بنەمای 'چاو بەرانبەر چاو' نابێت، بەڵکو هەر هێرشێک بکرێت، ئێمە بە گورزێکی زۆر بەهێزتر و کوشندەتر وەڵامی پێگە سەربازی و ئابوورییەکانی دوژمن دەدەینەوە."
تاوەکو ئێستا بەرپرسانی ئیمارات و بەحرێن بە فەرمی هیچ زانیارییەکیان لەبارەی ئەو هێرشانە بڵاونەکردووەتەوە.