بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی بەرگریی ئێران کوژرا
رووداو دیجیتاڵ
عەلی فولادوەند، سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتیی توێژینەوەی رێکخراوی توێژینەوە و نوێگەری بەرگری سەر بە وەزارەتی بەرگری ئێران کوژرا.
بەپێی راگەیێندراوی دەزگای شەهیدی ئێران، بەرەبەیانی رۆژی شەممە عەلی فولادوەند و دوو منداڵی لە هێرشێکی ئامانجدار دا بۆ سەر ماڵەکەی لە شاری بروجێردی پارێزگای لۆڕستان کوژراون.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ساڵی 2025 عەلی فولادوەندی خستبووە نێو لیستی گەمارۆکانی.
لە شەڕی 12 رۆژەی ساڵی رابردوودا، هێرش کرایە سەر ماڵی عەلی فولادوەند، لە ئەنجامدا هاوژینەکەی گیانی لەدەستدا و خۆی و منداڵەکانی رزگاریان بوو.
هێرشی ئەمریکا/ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 28ی شوبات دەستیپێکرد، لە ئەنجامی هێرشەکان چەندین بەرپرسی باڵای ئێران کوژراون، لەوانە عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، هەردوو وەزیری بەرگری و ئیتلاعاتی ئێران، فەرماندەی سوپای پاسداران و چەندین بەرپرسی دیکە.