رۆژنامەیەکی نزیک لە نووسینگەی رێبەری ئێران 9 خاڵ وەک مەرجی راگرتنی جەنگ بڵاودەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
رۆژنامەی کەیهان 9 خاڵ وەک مەرجی کۆتاییهێنان بە جەنگ بڵاودەکاتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 29-3-2026 رۆژنامەی کەیهان، نزیک لە نووسینگەی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بڵاوی کردەوە، جەنگ ئەو کاتە کۆتایی دێت کە مەرجە پێشنیازکراوەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران جێبەجێ بکرێن.
خاڵە پێشنیازکراوەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ
1- کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و نەمانی بنکەکانیان لە رۆژئاوای ئاسیا.
2- جێبەجێکردنی سیستمی فەرمی، یاسایی-ئابووریی هاتووچۆی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز لەژێر سەروەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
3- دەستدرێژینەکردنە سەر عێراق، لوبنان و بەرەی موقاوەمە.
4- راگەیاندنی فەرمیی هەڵوەشاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمریکا.
5- ئازادکردن و گەڕانەوەی دەستبەجێی داراییە بلۆکەکراوەکانی ئێران لە ئەمریکا و وڵاتانی دیکە.
6- ناساندنی فەرمیی ئەمریکا و ئیسرائیل وەک دەستدرێژیکار و پێدانی قەرەبووی سەرەتایی تا کاتی یەکلاییکردنەوەی کۆتایی زیانەکان.
7- کۆتاییهێنان بە بانگەشەکانی ئیمارات بۆ سێ دوورگەکە (تونبی گەورە، تونبی بچووک و ئەبوومووسا) لە رێگەی دەرکردنی راگەیێندراوی فەرمییەوە.
8- راگەیاندنی فەرمیی پابەندبوونی کردەیی دەستدرێژیکاران بە راگرتنی هەمیشەیی جەنگ و تیرۆر.
9- سەبارەت بە پرسی ئەتۆمی، کۆماری ئیسلامیی ئێران بەهۆی کەوتنە مەترسیی ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکەی لەبەر ئەندامبوون لە پەیماننامەی قەدەخەکردنی چەکی ئەتۆمی، بەپێی بەندی 10ی ئەو پەیماننامەیە، کشانەوەی خۆی بە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رادەگەیەنێت؛ هەروەها وەبیردەهێنرێتەوە کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی و ئاسایشی نەتەوەیی، هەر کاتێک بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بیخوازێت، دەگەڕێتەوە بۆ نێو پەیماننامەکە.
جەنگەکە لە 28ی مانگی رابردوو دەستی پێکرد و لەو کاتەوە ئێران بە مووشەک و درۆن هێرش دەکاتە سەر وڵاتانی ناوچەکە. جەنگەکە کاریگەری لەسەر هەموو ناوچەکە و جیهانیش دروستکردووە.