تاران لەژێر هێرشی چڕدایە؛ لە 24 کاژێردا زیاتر لە 700 هێرش کراوەتە سەر ئێران


رووداو دیجیتاڵ

تاران لەژێر قورسترین هێرشدایە و زیانەکان هەڵدەکشێن. ئامارەکان پیشانی دەدەن کە لە 24 کاژێری رابردوودا زیاتر لە 700 هێرش کراون.
 
بەپێی ئاماری ئاژانسی هیرانا، لە 24 کاژێری رابردوودا گەورەترین شەپۆلی هێرشەکان لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەکەوە تۆمارکراون. ئاژانسەکە رایگەیاندووە، 701 هێرش بۆسەر ئامانجەکان لە 21 پارێزگای جیاوازی ئێران کراون.
 
ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن، 74٪ی کۆی هێرشەکانی 24 کاژێری رابردوو تەنیا لەسەر پارێزگای تاران بوون. 
 
وەک ئاژانسەکە دەڵێ، زیانە گیانییەکان لە 24 کاژێری رابردوودا بەو جۆرە بوون کە 173 کەس کوژراون و بریندار بوون، 24 کەسیان کوژراون و 88 کەسی دیکەش بریندار بوون. 
 
وەک هیرانا دەڵێ، لە دەستپێکی جەنگەکەوە 1551 هاووڵاتی سڤیل و 1208 ئەندامی هێزە سەربازییەکان کوژراون و ناسنامەی 702 کەسیش نەناسراوەتەوە. 
 
سەرچاوەکانی دیکەش باس لەوە دەکەن، هەر لە دەستپێکی شەڕەکەوە نزیکەی 19 هەزار کەس بریندار بوون.