تەقینەوەیەک لە ئیسفەهان کوژراو و برینداری لێکەوتەوە

رووداو دیجیتاڵ

لە تەقینەوەیەکدا لە کۆگەی کۆمپانیایەکدا لە پارێزگای ئیسفەهان کە لە ژێر چاودێری ئەنجوومەنی ئاسایشی ئێران کار دەکات، کەسێک گیانی لەدەستدا و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
رۆژی سێشەممە، 29ـی نیسانی 2025، مەنسوور شیشەفرووش، بەڕێوەبەری گشتیی کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای ئیسفەهانی ئێران رایگەیاند، تەقینەوە لە کۆگەیەکی کۆمپانیای 'ئاوا نار پارسیان'، لە ناوچەی مێیمێ سەر بە شاری شاهین شەهر روویداوە.
 
بەڕێوەبەری گشتیی کۆنترۆڵی قەیرانی ئیسفەهان دەڵێت، تەقینەوەکە کاژێر 10:30 خولەکی ئەمڕۆ بەیانی روویداوە و بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستداوە و دوو کەسیش بریندار بوون.
 
بە گوتەی مەنسوور شیشەفرووش، تەقینەوەکەوە زیانی مادیشی لێکەوتووەتەوە و لێکۆڵینەوە لەبارەی رووداوەکەوە دەستیپێکردووە.
 
کۆمپانیای ئاوا نار پارسیان (آوا نار پارسیان) لە پۆرتاڵەکەیدا وەک کۆمپانیایەکی تایبەت بە بەرهەمهێنانی یارییە ئاگرینەکان و بارووت ناساندووە و رایگەیاندووە، لە ژێر چاودێری ئەنجوومەنی ئاسایشی ئێران کار دەکات.