لە سیستان و بەلووچستانی ئێران دوو پۆلیس کوژران
رووداو دیجیتاڵ
لە زاهیدان هێرش کرایە سەر هێزە ئەمنییەکان و دوو پۆلیس کوژران و دوو پۆلیسی دیکە بریندار بوون.
رۆژی چوارشەممە، 29ی نیسانی 2026، ناوەندی راگەیاندنی پۆلیسی سیستان و بەلووچستان رایگەیاند: "لە ئەنجامی تەقەکردنی چەند چەکدارێکی نەناسراو لە ئۆتۆمبێلێکی هێزە ئەمنییەکان لە شاری زاهیدان، دوو پۆلیس کوژران و دووی دیکەش بریندار بوون."
بەپێی ناوەندی ڕاگەیاندنی پۆلیسی سیستان و بەلووچستان، هێرشەکە لە کاتی گەڕانی هێزەکانیان لە شەقامی باقری و ناوچەی شێراوا روویداوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوی پۆلیس، لە هێرشەکەدا ئەفسەرێکی پۆلیس بە ناوی محەممەدڕەزا نیزامدوست دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە و سێ پۆلیسی دیکە بریندار بوون.
پاش چەند کاژێر لە رووداوە پۆلیسی زاهیدان گیانلەدەستدانی یەک لە بریندارەکانی دیکەی بە ناوی (عەلی موئمینی) راگەیاند، خەڵکی زاهیدانە، لە راگەیەنراوەکەی پۆلیسی زاهیداندا ئاماژە بە ناوی دوو بریندارەکەی دیکە نەدراوە.
بەگوێرەی میدیاکانی ئێران چەکدارەکان دوای تەقەکردن لە شوێنی رووداوەکە هەڵاتوون و هێزە ئەمنییەکان لە ناوچەکەدا بڵاوبوونەتەوە و رێگەکانی چوون بۆ ناوچەی شێراوا و شوێنی تەقەکردنەکەیان داخستووە.
تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی ئەنجامدانی هێرشەکەی نەگرتووتە ئەستۆ و پۆلیسی زاهیدان دەڵێت، هەوڵەکانیان بۆ دەستگیرکردنی هێرشبەرەکان بەردەوامە.
گرووپی جەیشولعەدل کە گرووپێکی چەکداریی بەلووچەکانە و دژی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، ناوەناوە هێرش دەکاتە سەر بنکە و بارەگا ئەمنییەکانی پارێزگای سیستان و بەلووچستان.