ئێران لە "تاریکیی دیجیتاڵیدا"؛ 60 رۆژ بێ ئینتەرنێت و یەک ملیار دۆلار زیان
رووداو دیجیتاڵ
بە تێپەڕبوونی زیاتر لە 60 رۆژ بەسەر پچڕانی ئینتەرنێتی جیهانی لە ئێران، خەڵکی ئەو وڵاتە دەچنە سێیەم مانگی "تاریکی دیجیتاڵی"یەوە. پچڕانێک کە نەک تەنیا گورزێکی کوشندەی لە ئابووری داوە، بەڵکو بژێوی و باری دەروونی ملیۆنان هاووڵاتیی ئەو وڵاتەی تێکداوە.
رێکخراوی "نێتبلۆکس" کە چاودێریی باری ئینتەرنێت لە جیهاندا دەکات، ئاشکرای کرد کە پچڕانی ئینتەرنێت لە ئێران 61 رۆژی تێپەڕاندووە و گەیشتووەتە 1440 کاژێر. ئەمەش وەک درێژترین ماوەی بێبەشکردنی هاووڵاتیان لە جیهانی دیجیتاڵی لە مێژووی ئەو وڵاتەدا ئەژمار دەکرێت.
زیانە ئابوورییەکان؛ یەک ملیار دۆلار
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، ئابووریی دیجیتاڵیی ئێران لە لێواری داڕماندایە. عەباس ئاشتیانی، سەرۆکی کۆمیسیۆنی بلۆکچەین رایدەگەیێنێت، لەم 60 رۆژەدا نزیکەی یەک ملیار دۆلار زیان بە ئابووریی ئێران گەیشتووە و رۆژانە زیانەکان لەنێوان 30 بۆ 35 ملیۆن دۆلار دەکات.
هاوکات ئەفشین کولاهی، سەرۆکی لیژنەی کۆمپانیا نوێیەکان لە ژووری بازرگانیی ئێران، دەڵێت: "زیانی ڕاستەوخۆ رۆژانە 30 بۆ 40 ملیۆن دۆلارە، بەڵام ئەگەر زیانە ناڕاستەوخۆکانی وەک پچڕانی پەیوەندییە بازرگانییەکان ئەژمار بکەین، بڕەکە دەگاتە 70 بۆ 80 ملیۆن دۆلار لە هەر رۆژێکدا."
10 ملیۆن کەس لە بەردەم مەترسیی بێکاریدا
ستار هاشمی، وەزیری پەیوەندییەکان و تەکنەلۆژیای ئێران، هۆشداریی تووند دەدات لەوەی بەردەوامبوونی ئەم دۆخە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر داهات و بژێوی 10 ملیۆن کەس دەبێت. بە گوتەی وەزیر، زۆرینەی بازرگانییە ئۆنلاینەکان تەنیا توانای 20 رۆژ خۆڕاگرییان هەبووە و ئێستا زۆربەیان بەرەو داخستن دەچن.
رۆژنامەی "ئیعتماد"ی ئێرانی لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، بڕانی ئینتەرنێت و فلتەرکردنی پلاتفۆرمەکانی وەک ئینستاگرام و تێلیگرام، "بۆشاییەکی گەورە"ی لە ژیانی خەڵکدا دروستکردووە. پچڕانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و دەستنەگەیشتن بە زانیارییە پزیشکی و پەروەردەییەکان، ئاستی دڵەڕاوکێ و گوشاری دەروونیی لای هاووڵاتیان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزکردووەتەوە.
ئینتەرنێتی "چینایەتی"
لەبەرامبەر پچڕانی ئینتەرنێتی جیهانی، حکومەت پەنای بۆ "تۆڕی نیشتمانیی زانیاری" یان ئینتەرنێتی ناوخۆیی بردووە. پلاتفۆرمەکانی وەک (روبیکا، ئیتا، بەڵێ و سرووش) وەک جێگرەوەی ئەپە جیهانییەکان پێشکەش دەکرێن، بەڵام شارەزایان دەڵێن ئەمە کێشەکە چارەسەر ناکات، چونکە پەیوەندیی بازرگانی و زانستی لەگەڵ جیهانی دەرەوە پچڕاوە.
هەروەها باس لە پڕۆژەیەک دەکرێت بەناوی "ئینتەرنێتی چینایەتی" کە تێیدا تەنیا چینێکی دیاریکراو وەک مامۆستایانی زانکۆ و بازرگانە گەورەکان مافی دەستگەیشتن بە ئینتەرنێتی بێ فلتەریان هەبێت، ئەمەش ناڕەزایەتیی زۆری لێکەوتووەتەوە.
بازاڕی رەشی (VPN)
پچڕانی ئینتەرنێت بازاڕی رەشی فلتەرشکێنەکانی گەرم کردووە. بەپێی راپۆرتە نێوخۆییەکان، نرخی یەک گیگابایت ئینتەرنێت بە فلتەرشکێنەوە گەیشتووەتە نزیکەی یەک ملیۆن و 500 هەزار تمەن، ئەمەش بارگرانییەکی دارایی دیکەی بۆ سەرشانی هاووڵاتیان دروستکردووە.
تاوەکو ئێستا حکومەتی ئێران تەنیا ئینتەرنێتی بۆ ژمارەیەک لە زانکۆکان گەڕاندووەتەوە و هیچ وادەیەکیش بۆ ئاساییکردنەوەی ئینتەرنێتی گشتی دیار نەکراوە.