لە کرماشان بەهۆی پیسبوونی هەوا هۆشداری دەدرێت
رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی زانکۆی پزیشکیی کرماشان دەڵێت، هەوای شارەکانی پارێزگاکە پیسە و هۆشداری بە کەسانی هەستیار و منداڵان دەدات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 29ی ئایاری 2025، فەریبورز ئەمانی رایگەیاند، "هەوای شارەکانی کرماشان، بەهۆی زۆربوونی رێژەی گەردیلە زیانبەخشەکانەوە، لە ئاستی هۆشداریدایە و بۆ خەڵکی نەخۆش، منداڵ و بەساڵاچووان مەترسیدارە".
فەریبورز ئەمانی گوتی، "ئەو تۆز و خۆڵەی لە درەنگی دوێنێ هاتووەتە بەرگەهەوای پارێزگاکە و بووەتە هۆی دابەزینی کوالێتی هەوا لە ناوچەکە و پێویستە ئەو کەسانەی ناچارن لە ماڵەکانیان بێنە دەرەوە دەمامک ببەستن".
فەریبورز ئەمانی ئاماژەی بەوەشکرد، هەوای پارێزگاکە بۆ خەڵکی نەخۆش، منداڵ و بەساڵاچووان مەترسیدارە و پێویستە بۆ کاری زۆر پێویست نەبێ لە ماڵەکانیان نەیەنە دەرەوە.
رۆژی دووشەممە 7ی نیسانی 2025، بەڕێوەبەری گشتیی پاراستنی ژینگەی کرماشان رایگەیاندبوو، لە 21-03-2024ـەوە تاوەکو 21-03-2025، 48 رۆژ هەوای پارێزگاکە پیس بووە.
بەپێی راپۆرتی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، ساڵانە 50 هەزار کەس لەو وڵاتە بەهۆی کاریگەرییەکانی پیسبوونی هەوا گیان لەدەست دەدەن.