ئێران کوژرانی فەرماندەیەکی دیکەی فەیلەقی قودسی راگەیاند
رووداو دیجیتاڵ
ئێران کوژرانی فەرماندەیەکی دیکەی فەیلەقی قودسی بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل راگەیاند کە فەرماندەیەکی نزیکی قاسم سلێمانی بووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 29ـی حوزەیرانی 2025، ئاژانسی تەسنیمی نزیک لە سوپای پاسداران، کوژرانی ئەبولفەزل نیکوویی ناسراو بە حاجی یونس یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی سوپای قودس بۆ کاروباری سووریا و کەسێکی نزیکی قاسم سلێمانی، فەرماندەی پێشووی سوپای قودسی راگەیاند.
ئاژانسی تەسنیم ئاماژەی بە شوێنی کوژرانی ئەبولفەزل نیکوویی نەکردووە تەنیا باس لەوە دەکات هەفتەی رابردوو بە هۆی هێرشی ئیسرائیل کوژراوە.
ئاژانسی تەسنیم ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەبولفەزل نیکوویی رۆڵ و کاریگەریی زۆری لە سوپاکەدا هەبووە، بە رادەیەک قاسم سلێمانی، لە بەشێک لە کار و چالاکییەکانی دا راوێژی پێکردووە.
تەسنیم دەڵێت؛ ئەبولفەزل نیکوویی ماوەی 8 ساڵ بەرپرسی چالاکییەکانی سوپای قودس بووە بۆ کاروباری سووریا و شارەزاییەکی باشی لە بوارەکانی سیاسی، ئابووری، جوگرافیا و کۆمەڵایەتیی سووریا هەبووە.
لە 13ـی حوزەیران، جەنگی ئێران و ئیسرائیل دەستیپێکرد. ئەمریکاش رۆژی 22ـی ئەم مانگە بە فڕۆکەی جەنگی و مووشەک هێرشی کردە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان. دواتر ترەمپ لە 24ـی حوزەیراندا ئاگربەستی نێوان تاران و تەلئەڤیڤی راگەیاند.