ماکرۆن بۆ پزیشکیان: بگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستاندن
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فەرەنسا و سەرۆککۆماری ئێران بە تەلەفۆن قسەیان کرد. سەرۆکی فەرەنسا بە هاوتا ئێرانییەکەی گوت، رێز لە ئاگربەستەکەتان لەگەڵ ئیسرائیل بگرن و بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ.
رۆژی یەکشەممە، 29ـی حوزەیرانی 2025، ئیمانوێل ماکرۆن و مەسعود پزیشکیان بە تەلەفۆن قسەیان کرد. ماکرۆن لەبارەی پەیامەکانی کە لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا بە پزیشکیانی گوتووە لە ئێکس بڵاویکردەوە، "بگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستاندن بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پڕۆگرامی ئەتۆمی و مووشەکی بالیستی".
رۆژی 13ـی حوزەیران، دوای هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و وەڵامدانەوەی تاران بە مووشەک و درۆن، جەنگێک لەنێوانیاندا هەڵگیرسا کە 12 رۆژی خایاند و دواتر بە نێوەندگیریی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئاگربەست راگەیێندرا.
ماکرۆن گوتیشی، "هاووڵاتییان و ناوەندەکانمان لە ئێران بپارێزن و نابێت هیچ هەڕەشەیەکیان لەسەر بێت". ئاماژەی بەوەش کرد، داوای لە سەرۆککۆماری ئێران کردووە "با بە تەواوی شەفافیەتەوە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەست بە کارەکانی لە ئێران بکاتەوە".
دوای راگەیاندنی ئاگربەست، پەرلەمانی ئێران بە زۆرینەی دەنگ هاوئاهەنگی وڵاتەکەی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم هەڵپەسارد. هەروەها، بەرپرسانی تاران دەڵێن، گفتوگۆکردنەوە لەگەڵ ئەمریکا لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمییەوە سوودی نییە و ئامادەنین دەست بە دانوستاندن بکەنەوە.