جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران: هیچ کاتێک بۆ دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا دانەنراوە


رووداو دیجیتاڵ

جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران رەتیکردەوە لە کاتێکی نزیکدا دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا دەستپێبکەنەوە و رایگەیاند، "تاوەکو ئێستا هیچ کاتێک بۆ دانوستاندن دیاری نەکراوە."

ئەمڕۆ یەکشەممە، 29ـی حوزەیرانی 2025، مەجید تەخت رەوانچی، جێگری وەزیری دەرەوە و ئەندامی شاندی دانوستاندنکاری ئێران لەگەڵ ئەمریکا بە لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێرانی راگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێکیان لەبارەی دەستپێکردنەوەی دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا نەداوە.
 
تەخت رەوانچی گوتی، "لەسەر ئەو پرسانەی دەوروژێنرێن، تاوەکو ئێستا هیچ رێککەوتنێک نەکراوە و ئەوەی ئەوان دەڵێن راست نییە." 
هێشتا بە فەرمی کات و شوێنی گفتوگۆی داهاتووی ئەمریکا و ئێران دیاری نەکراوە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، دەکرێت لەم هەفتەیەدا لەگەڵ بەرپرسانی ئێران کۆببنەوە و رێککەوتنێک واژۆ بکەن. دوای لێدوانی ترەمپ، کارۆلین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند "هەرکاتێک کاتی دانوستانەکان دیاریکرا، ئەوا رایدەگەیێنین".
 
هەروەها ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش گوتوویەتی، هەستێکی بەهێزی هەیە کە ئێران ئامادەیە رازی بێت و هیوادارن لەگەڵ ئەو وڵاتە بگەنە رێککەوتنێکی هەمەلایەنەی ئاشتی.
 
بەڵام عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەم لێدوانەی ترەمپی رەتکردەوە و رایگەیاند، هیچ پلانێک لە ئارادا نییە.
 
ئەوە لە کاتێکدایە، ئەمیرسەعید ئیرەوانی، نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە، تاران ئامادەیە یۆرانیۆمە پیتێندراوە 20٪ و 60٪ـەکەی بگوازێتەوە بۆ وڵاتێکی دیکە و بەشداری لە پڕۆژەیەکی ئەتۆمیی ناوچەییدا بکات، بەڵام پیتاندنی یۆرانیۆم لەنێوخۆی وڵاتەکە راناگرێت و لەسەر پرۆگرامە مووشەکییەکەشی دانوستاندن ناکات.