وەزیری دەرەوەی ئێران: زمانی هەڕەشە و تۆقاندن قبووڵ ناکەین

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئێران لە وەڵامی هەڕەشەی بەرپرسانی ئەمریکادا رایگەیاند، بە هیچ شێوەیەک زمانی هەڕەشە و تۆقاندن قبووڵ ناکەن و لە ئەگەری هێرشکردنەوە سەر ئێران، کاردانەوەیان زۆر تووندتر دەبێت، بە شێوەیەک کە شاردنەوەی زیانەکانی ئەستەم بێت.
 
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران شەوی دووشەممە لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، ئێران بە هیچ شێوەیەک زمانی هەڕەشە و تۆقاندن قبووڵ ناکات.
 
وەزیرەکەی ئێران ئاماژەی بەوەش کردووە، "ئێران، وڵاتێکی خاوەن کولتوورێکی دەوڵەمەندە کە رەگ و ریشەی لە 7000 ساڵ شارستانییەتدا هەیە، هەرگیز وەڵامی زمانی هەڕەشە و تۆقاندن ناداتەوە. ئێرانییەکان هەرگیز کڕنووشیان بۆ بیانییەکان نەبردووە و تەنیا بە رێزەوە وەڵام دەدەنەوە."
 
عێراقچی هۆشداریی دا لە ئەگەری هێرشکردنەوە سەر وڵاتەکەی و گوتی، "ئێران بە تەواوی دەزانێت لە ماوەی دەستدرێژیی ئەم دواییەی ئەمریکا و ئیسرائیلدا، چی بەسەر ئێمە و دووژمنەکانماندا هاتووە - لەوانەش، قەبارەی ئەو لێدانانەی کە هێشتا سانسۆریان لەسەرە. ئەگەر ئەم دەستدرێژییانە دووبارە ببنەوە، بێ گومان کاردانەوەیەکی زۆر تووندترمان دەبێت، کاردانەوەیەک کە چیدی ناتوانرێت بشاردرێتەوە."
 
وەزیری دەرەوەی ئێران رەتیکردەوە، تاران لە بەرامبەر گوشارەکانی وڵاتانی رۆژئاوا کۆڵ بدات و دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەکەی ببێت، "هیچ کەسێکی ژیر ئامادە نییە دەستبەرداری ئەنجامی وەبەرهێنانێکی گەورە لە تەکنەلۆژیای خۆماڵی و ئاشتیانەی خۆی بێت، تەنیا لەبەر ویستی چەوسێنەرە بیانییەکان."
 
سەبارەت بە بۆردوومانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەی لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکاوە، وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژە بەوە دەکات کە بۆردوومانکردنیان نایاسایی و پێشێلکردنی روونی یاسا نێودەوڵەتییەکانە. جەختی لەوەش کردەوە، هێرش بۆسەر ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران، دەریخست بۆ مژاری دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران، "هیچ چارەسەرێکی سەربازی نییە."
 
بە گوتەی عێراقچی، ئێران بەرنامە ئەتۆمییەکەی نەکڕیوەتەوە، بەڵکو خۆی بە تەکنەلۆجیا و زانستی نوێ بەدەستیهێناوە، "ئەو تەکنەلۆجیا و زانستەی سەرچاوە مرۆییە سەرسوڕهێنەر و بەتواناکانمان بەدەستیان هێناوە، بە بۆردوومان لەناوناچێت. بەڵێ، دامەزراوەکانمان بۆ پیتاندن زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە، بەڵام ویستمان نا."
 
رۆژی دووشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە دیدارێکدا لەگەڵ کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بریتانیا، باسی دۆسیەی ئەتۆمیی ئیرانی کرد و رایگەیاند، ئەگەر ئێران چالاکییە ئەتۆمییەکانی دەستپێبکات، خێرا لەناوی دەبەن.