خامنەیی: ئەمریکا لە توانای ئێران نیگەرانە

رووداو دیجیتاڵ

رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێت، دژایەتی ئەمریکا لەگەڵ توانای ئەتۆمیی ئێران بیانووە و کێشەی سەرەکیی ئەوان لەگەڵ دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییە.
 
رۆژی سێشەممە، 29ـی تەمموزی 2025، عەلی خامنەیی، لەگەڵ کەسوکاری کوژراوانی جەنگی ئێران و ئیسرائیل کۆبووە و رایگەیاند، "لە جەنگە 12 رۆژییەکەدا توانیمان تواناکانمان بۆ بەرگریکردن لە خۆمان و پتەوکردنی بنەماکانی دەسەڵاتی ئێران پێشانی جیهان بدەین."
 
خامنەیی گوتی، "ئەوەی ئەمریکا و رۆژئاوا دەڵێن، کێشەیان لەگەڵ پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران و پیتاندنی یۆرانیۆم یان پرسی مافی مرۆڤ هەیە، بیانووە و ئامانجی سەرەکیی ئەوان نەهێشتنی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییە."
 
خامنەیی ئاماژەی بەوەشکرد، "ئایین و زانست دوو توخمی سەرەکیی دامەزراندنی کۆماری ئیسلامین و هەروەکو چۆن تاوەکو ئێستا توانیومانە بەرگەی هەڕەشەکان بگرین و دووژمنان لە مەیدانی جەنگ بکەینە دەرەوە، لە داهاتووشدا بە بەهێزترکردنی دەسەڵاتەکەمان، باشتر رووبەڕووی نەیارەکانمان دەبینەوە."
 
رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دەشڵێت، "گەلی ئێران، لە بە‌‌هێزکردنی باوەڕ و پەرەپێدانی زانستە جۆراوجۆرەکان بەردەوام دەبێت و بە پێچەوانەی ویستی دووژمنان، ئێران دەگەیەنینە لووتکەی پێشکەوتن."
 
خامنەیی ئاماژەی بەوەشدا، "لە جەنگە 12 رۆژییەکەدا، گەلی ئێران دەسکەوتی زۆری بەدەستهێنا و وڵاتانی جیهان بەرامبەر هێز و تواناکانی ئێران و خۆڕاگریی گەلەکەی سەرسام بوون، ئەوان لە نزیکەوە هەستیان بە بەهێزیی ئێران کرد."
 
 رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران باسیشی لەوە کرد، "ئەم رووداوانە بۆ ئێمە نوێ نەبوو، لە 46 ساڵی رابردوودا، جگە لە شەڕی سەپێنراوی 8 ساڵە، کۆماری ئیسلامی چەندین جار رووبەڕووی رووداوەکانی وەک کودەتا و ئاژاوەی جۆراوجۆری سەربازی، سیاسی و ئەمنی بووەتەوە و هەموو پیلانەکانی دووژمنی پووچەڵ کردووەتەوە."
 
13ی حوزەیران، ئیسرائیل هێرشێکی گەورەی کردە سەر پێگە سەربازی و بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران. لەو شەڕەدا کە 12 رۆژی خایاند، ئیسرائیل بەتایبەتی دامەزراوە ئەتۆمی و سەربازییەکانی ئێرانی کردە ئامانج و ژمارەیەک فەرماندەی باڵا و زانای ئەتۆمیی ئەو وڵاتەش لە هێرشەکاندا کوژران. 
 
لە 22ـی حوزەیرانیش، ئەمریکا چووە نێو جەنگەکە و هەرسێ دامەزراوەی ئەتۆمیی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان کرد و سێ رۆژ دواتر  دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاگربەستی راگەیاند.