ژمارەیەک شار و گوندی پارێزگای سنە کێشەی ئاویان هەیە
رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای سنەدا کێشەی ئاو زۆرە. هەر لە ئاوی خواردنەوەی شارەکانی سنە و بانەوە بگرە تاوەکو داتەپینی دەشتەکانی رۆژهەڵاتی پارێزگاکە بەهۆی کەم ئاوییەوە دەناڵێنن؛ ئەمەش سەرەڕای ئەوەی کە پارێزگای سنە 18 بەنداو و 8 رووباری هەیە.
عەلی ئەکبەر میحرابییان، وەزیری وزەی ئێران دەڵێت، "پارێزگای سنە پارێزگایەکی لەبار و بۆ پرسی ئاویش دۆخی زۆر باشە. پرۆژەی باش بۆ ئەم پارێزگایە هەیە، بەشی زۆری پرۆژەکان نیوەچڵن و بەداخەوە تەواوکردنیان زۆر دواکەوتووە. گرنگترین ئامانجی سەردانەکە تاوتوێکردنی ئەم پرۆژانە و پلاندانە بۆ تەواوکردنیان".
ئیسماعیل کوشا، پارێزگاری سنە ئاماژە بەوە دەکات، "بۆئەوەی بتوانرێت پرۆژەکانی ئاوی ئەم پارێزگایە لە چوار ساڵی داهاتوودا تەواوبکرێن، 35 تریلیۆن تمەن پارە پێویستە".
یەکێک لەو پرۆژە نیوەچڵانە گواستنەوەی ئاوی بەنداوی ئازاد بۆ شاری سنەیە کە هێشتا 60%ی ماوە تەواو ببێت، لەمێژە بەرپرسان هیوادارن بە تەواوبوونی ئەو پرۆژەیە کێشەی ئاوی خواردنەوەی شاری سنە چارەسەر ببێت؛ تەواوکردنی ئەو پرۆژەیەش 400 ملیار تمەن پارەی دەوێت.
عەلی مێحرابیان، وەزیری وزە بەڵێنی داوە لە بابەتی پارەدا کێشەیەک روونەدات و تاوەکو پێش وەرزی هاوینی ساڵی داهاتوو ئاوی خواردنەوەی تەندروست بۆ شاری سنە دابین ببێت.
شاری بانەش لە چەند مانگی رابردوودا کێشەی ئاوی هەبووە و بە گوتەی ئارش ئاریا نەژاد، بەڕێوەبەری دامەزراوەی ئاوی پارێزگای سنە، بەنداوەکانی عەباساوا و بانە توانای دابینکردنی ئاوی ئەو شارەیان نییە.
وەزیری وزەی ئێران لەوێش بەڵێنی دا تاوەکو سەرەتای هاوینی ساڵی داهاتوو کێشەی ئاوی شاری بانەش چارەسەر دەبێت و گوتی، دابینکردنی ئاو بۆ ئەم شارە کاری لەپێشینەیە بۆ ئەوان.
وەزیرەکە سەردانی پرۆژەی دابینکردنی ئاو بۆ دەشتەکانی دێولان و قوروەشی کرد. لەو ناوچانەدا هەزار بیری ئاو هەیە کە بەهۆی هەڵکێشانی زۆری ئاو، مەترسی رۆچوونیان لەسەر ئەو دەشتانە دروستکردووە، بەڵام 280 هەزار زەوی دێمەکاریش هەیە، کە پەرەپێدانی کشتوکاڵ تێیدا پێویستی بە دابینکردنی ئاوە.
عەلی ئەکبەر میحرابییان باسی لەوەش کرد، "پلانی سەرەکیی ئێمە ئەوەیە لە بەنداوی قوچەمەوە ئاو بۆ دەشتەکانی دێولان و قوروە بگوازینەوە. یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم سەردانەم هەر ئەمە بوو کە ئەم پرۆژەیە خێراتر جێبەجێ بکرێت".
وەزیری وزە بەڵێنی داوە کێشەی ئاوی 199 گوندیش چارەسەر بکرێت؛ سەرجەم بڕیاری لە تەواوکردنی 16 پرۆژەی ئاو داوە کە سەدان ملیار تمەن تێچوویان دەبێت.