دادگەی ئێران ژنە نووسەر و چالاکڤانێکی کورد بە 62 مانگ بەندکردن سزا دەدات
رووداو دیجیتاڵ
نووسەر و چالاکڤانێکی ژنی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دادگەی شۆڕشی ئێران بە 62 مانگ بەندکران سزا درا.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، دادگەی شۆڕشی شاری ساری لە پارێزگای مازەندەرانی باکووری ئێران بە تۆمەتی بانگەشەکردن دژ بە دەسەڵات، بێڕێزیکردن بە رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و هاندانی خەڵک بۆ کوشتن، سزای 62 مانگ زیندانی بەسەر موژگان کاووسی، نووسەر و چالاکڤانی کولتووری کورددا سەپاند و ئەمڕۆ پێنجشەممە بڕیارەکەی دادگە بە پارێزەرەکەی راگەیێندرا.
لە سزاکەی دادگەدا ئاماژە بەوە کراوە، موژگان کاووسی دەبێ لانیکەم 39 مانگ لە ماوەی سزاکەی لە زینداندا بێت.
موژگان کاووسی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە "بڵاوکردنەوەی ناپاکی لەسەر زەوی"یش تۆمەتبار کرابوو. مازیار تاتایی، پارێزەری موژگان کاووسی لە تویتێکدا رایگەیاندووە، بریکاردارەکەی لەو تۆمەتە بێبەری بووە.
موژگان کاووسی دوای دەستپێکردنی ناڕەزاییەکان لە 22/09/2022ـەوە دەستبەسەر کراوە و ئێستا لە گرتووخانەی ژنانی شاری قاییمشەهری پارێزگای مازەندران راگیراوە.
موژگان کاووسی خەڵکی شاری کەلاردەشتە لە پارێزگای مازەندەران. لێکۆڵینڤان، نووسەر، مامۆستای زمانی کوردی و لە چالاکڤانانی دیاری کوردانی باکووری ئێرانە. ئەو چالاکڤانە کوردە لە ناڕەزاییەکانی ساڵی 2019شدا دەستبەسەر کرا و بە 76 مانگ بەندکردن سزا درا و سەرەتای ساڵی 2022 ئازاد کرا.