ئێران سەرپەرشتیاری نوێی وەزارەتی بەرگری دیاریکرد


رووداو دیجیتاڵ

میدیای فەرمیی ئێران رایگەیاند، سەید مەجید ئیبن رەزا وەکو سەرپەرشتیاری وەزارەتی بەرگریی ئێران دیاریکرا و شوێنی نەسیرزادە دەگرێتەوە.
 
لە سەرەتای هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، عەزیز نەسیرزادە، وەزیری بەرگریی ئێران لەنێو ئەو بەرپرس و فەرماندانەدا بوو کە کوژرا. 
 
ئەمڕۆ دووشەممە، میدیای فەرمیی ئێران رایگەیاند، فەرماندەی سوپا، سەید مەجید ئیبن رەزا بە فەرمی وەک سەرپەرشتیاری وەزارەتی بەرگریی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستبەکاربووە.
 
وەزارەتی بەرگریی ئێران لە یەکەم راگەیێندراوی دوای دەستبەکاربوونی سەرپەرشتیارە نوێیەکە ئاشکرای کرد، سەردار ئیبن رەزا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ هاوتا تورکییەکەی ئەنجامداوە و باسیان لە دۆخی ئەمنیی ناوچەکە کردووە. 

ئیبن رەزا لە یەکەم پەیامیدا هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەی کرد و رایگەیاند، "کۆماری ئیسلامی لە سزادانی دەستدرێژیکاران بەردەوام دەبێت."
 
سەید مەجید ئیبن رەزا، لە ساڵی 1963 (1342ـی هەتاوی) لەدایکبووە. ئەفسەرێکی باڵای سەربازی و سیاسییەکی ناسراوی ئێرانە. پێش ئەوەی ئەم پۆستە وەربگرێت، وەک جێگری وەزیری بەرگری کاریکردووە و یەکێک بووە لە کەسایەتییە دیارەکانی پیشەسازیی سەربازیی ئێران.

ئیبن رەزا خاوەنی ئەزموونێکی زۆرە لە کارگێڕی سەربازیدا و پێشتر چەندین پۆستی ستراتیژی لە وەزارەتی بەرگری، ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکان و دامەزراوەکانی پیشەسازیی بەرگریی ئێراندا هەبووە.

مانگی پێشوو فەرمانگەی پەیوەندییەکان و راگەیاندنی نووسینگەی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، سەید مەجید ئیبن رەزای وەکو سەرپەرشتی وەزارەتی بەرگری دیاریکرد، بەڵام ئەمڕۆ بە فەرمی راگەیێندرا.