لە یەک مانگی جەنگدا 20 زانکۆ و ناوەندی خوێندنی باڵای ئێران بۆردوومان کراون

 
رووداو دیجیتاڵ

لە یەک مانگی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، لانیکەم 20 زانکۆ و ناوەندی خوێندنی باڵای ئەو وڵاتە بۆردوومان کراون. زانکۆی زانست و پیشەسازیی ئیسفەهان کە بە یەکێک لە زانکۆ گرنگ و پێشکەوتووەکانی ئێران دادەنرێ، بە بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل تەختی زەوی کراوە.
 
عیسا زارعپوور، وەزیری پێشووی پەیوەندییەکان و تەکنەلۆجیای زانیاریی ئێران رایگەیاند، "ئەم وێرانەیە کە ئێستا دەیبینن، شوێنی لەدایکبوونی مانگی دەستکردی زەفەر 2 بووە، مانگە دەستکردەکانی دیکەش لەلایەن هاوڕێیانەوە لێرە دیزاین دەکران. چەند رۆژێک لەمەوبەر دووژمن پەیمانگای توێژینەوەی بۆشایی ئاسمانیشی کردە ئامانج. تێگەیشتنی من ئەوەیە کە دووژمنی زایۆنی - ئەمریکی، ئامانجیان راگرتنی پێشکەوتنی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە. پیشەسازی بۆشایی ئاسمان پیشەسازییەکی ئاشتییانەیە بۆ ئاسانکردنی ژیانی خەڵک. ئەوان بەدوای لەناوبردنی هێماکانی گەشەکردن و پێشکەوتنی ئێرانی ئیسلامی دا دەگەڕێن."
 
هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران تادێت بەرفراوانتر دەبێت. ئێرانیش لە وەڵامدا بە مووشەک و درۆن ئیسرائیل و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەکاتە ئامانج.
 
بە گوتەی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی ئێران، لە سەرەتای جەنگەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 20 زانکۆ، پەیمانگە و ناوەندی خوێندنی باڵا لەو وڵاتە بۆردوومان کراون.
 
حوسێن سیمایی سەڕاف، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی ئێران رایگەیاند، "خۆشبەختانە وڵات لە هەموو حاڵەتەکاندا دەستی بە گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی کردووە. هەروەها بەگوێرەی پێویست بەڵگەمان کۆکردووەتەوە کە لە ناوەندە یاسایی و دادوەرییە نێودەوڵەتییەکان قبووڵکراو بێت. بێگومان حکومەت بەرپرسیارە لە هەموو ئەو زیانانەی کە هەن و لە ئێستاشەوە دەستی کردووە بە گرتنەبەری رێوشوێنی قەرەبووکردنەوە. ئاشکرایە کە ئاوەدانکردنەوەی زانکۆکان و ناوەندەکانی خوێندنی باڵا و بەشەناوخۆییەکانیش لە پێشینەی کارەکانی حکومەتە."
 
سوپای پاسدارانی ئێران هەڕەشەی کردووە، لە تۆڵەی هێرشکردنە سەر زانکۆکانی ئەو وڵاتە، زانکۆ ئەمریکییەکانی ناوچەکە دەکاتە ئامانج. 
 
بەپێی دوایین ئاماری کۆمەڵەی مانگی سووری ئێران، لە سەرەتای جەنگەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 103 هەزار باڵەخانە و شوێنی سڤیل لەو وڵاتە بەهۆی بۆردوومانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە زیانیان بەرکەوتووە، کە بەشێکیان بە تەواوی داڕماون.