رێکخراوی فڕۆکەوانیی ئێران: هێرشکردنە سەر فڕۆکەی هەڵگری دەرمان تاوانی جەنگە


رووداو دیجیتاڵ

رێکخراوی فڕۆکەوانیی مەدەنیی ئێران، هێرشکردنە سەر فڕۆکەیەکی مەدەنیی وڵاتەکەی لە کاتی ئەرکدا کە  کە دەرمان و کەرەستەی پزیشکیی هەڵگرتبوو، بە "تاوانی جەنگ" و پێشێلکاریی یاسا نێودەوڵەتییەکان و پێچەوانەی بنەماکانی یاسای مرۆیی ناودەبات.

رێکخراوی فڕۆکەوانیی مەدەنی لە راگەیێندراوێکدا، بە تووندی سەرکۆنەی هێرشێکی ئەمریکا و ئیسرائیلی کرد بۆ سەر فڕۆکەیەکی مەدەنیی ئێرانی کە لە چەند وڵاتێکەوە دەرمان و پێداویستیی پزیشکیی بۆ ئێران گواستووەتەوە و لە فڕۆکەخانەی مەشهەد نیشتووەتەوە.
 
رێکخراوەکە پاڵپشت بە رێککەوتننامەکانی (شیکاگۆی 1944 و مۆنتریال 1971) جەختی کردووەتەوە، هەر کارێک دژی سەلامەتیی فڕۆکەوانیی مەدەنی بکرێت، بە "تاوانێکی نێودەوڵەتی" دادەنرێت. هەروەها ئاماژەی بە مادەی 52ی یەکەمین پرۆتۆکۆڵی زیادەی رێککەوتننامەکانی جنێڤ کردووە کە هێرش بۆ سەر ئامانجی مەدەنی و فڕۆکەی مرۆیی بە "تاوانی جەنگ" دەناسێنێت.
 
رێکخراوەکە داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان کرد، دەستبەجێ لێکۆڵینەوە لەم رووداوە بکەن و تاوانباران رووبەڕووی لێپێچینەوە بکەنەوە بۆ ئەوەی رێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە هەڕەشانە بکرێت.
 
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مەشهەد لە رۆژهەڵاتی ئێران، یەکێکە لە ناوەندە گرنگەکانی گواستنەوەی ئاسمانی لەو وڵاتەدا.