ئێران: 21 زانکۆ و 154 بەشی زانستی بەهۆی جەنگەوە زیانیان پێگەشتووە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی خوێندنی باڵای ئێران رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا 21 زانکۆ و 154 بەشی زانستی لە ئێران زیانیان پێگەشتووە.
رۆژی دووشەممە، 30ـی ئاداری 2026، مەهدی پێندار، بریکاری کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵای ئێران رایگەیاند: "تائێستا زیاتر لە چوار هەزار ملیار تمەن (زیاتر لە 26 ملیۆن دۆلار) زیان بەر زانکۆ و ناوەندە زانستییەکان کەوتووە."
مەهدی پێندار گوتی: "لە ماوەی ئەو یەک مانگەدا 154 بەشی زانستی و 21 زانکۆ لە 10 پارێزگای ئێران زیانیان بەرکەوتووە."
مەهدی پێندار ئاماژەی بەوەشدا، زیانەکان بە زانکۆ و بەشە زانستییەکان لە پارێزگاکانی ورمێ، ئیسفەهان، ئیلام، بوشێهر، تاران، خوزستان، سیستان و بەلووچستان، هەمەدان، تەورێز و مەرکەزی کەوتووە.
زانکۆی زانست و پیشەسازیی ئیسفەهان کە بە یەکێک لە زانکۆ گرنگ و پێشکەوتووەکانی ئێران دادەنرێ، بە بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل تەختی زەوی کراوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بریکاری کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵایی ئێران بڵاویکردووتەوە، زانکۆکانی ورمێ و ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە، لە ورمێ 13 باڵەخانەی زانکۆی ورمی و ناوەندە زانستییەکان و لە پارێزگای ئیلام زۆربەی باڵەخانەی زانکۆکە، بەشە ناوخۆیی زانکۆکە و سەنتەری تەکنەلۆژیا لە زانکۆی ئیلام زیانی بەرکەوتووە.
سوپای پاسدارانی ئێران هەڕەشەی کردووە، لە تۆڵەی هێرشکردنەسەر زانکۆکانی ئەو وڵاتە، زانکۆ ئەمریکییەکانی ناوچەکە دەکاتە ئامانج.
دووشەممە 30-3-2026 ئیلا واویە، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل بۆ میدیای عەرەبی رایگەیاند، لە چەند هەفتەی رابردوودا بە رێنمایی وردی هەواڵگریی سەربازی، هێزی ئاسمانیی وڵاتەکەی هێرشی کردووەتە سەر ژێرخانێکی سەربازیی سەرەکیی سوپای پاسداران، کە لەناو زانکۆی "ئیمام حوسێن" لە تاران جێگیر کرابوو.