ئێران مافی نیشتەجێبوونی 1200 ئیماراتی هەڵدەوەشێنێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

کۆماری ئیسلامیی ئێران، وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بڕیارەکانی ئیمارات، مافی نیشتەجێبوونی 1200 هاووڵاتیی ئەو وڵاتەی لە ناوخۆی ئێران هەڵوەشاندەوە و مۆڵەتی هەفتەیەکی پێدان بۆ جێهێشتنی وڵاتەکە.
 
دەسەڵاتی دادوەریی ئێران لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەم هەنگاوە وەک وەڵامێکە بۆ کارەکانی ئیمارات لە هەڵوەشاندنەوەی مافی نیشتەجێبوونی ئێرانییەکان. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "مافی نیشتەجێبوونی 1200 هاووڵاتیی ئیماراتی نیشتەجێی ئێران هەڵوەشێندراوەتەوە و پێویستە ئەو کەسانە لە ماوەی یەک هەفتەدا وڵاتەکەمان جێبهێڵن."
 
سەبارەت بەو هاووڵاتییە ئێرانییانەی لە ئیمارات دەژین و کارتی نیشتەجێبوونیان لێ وەرگیراوەتەوە، دەسەڵاتی دادوەریی ئێران دڵنیایی دەداتە ئەو هاووڵاتییانە و رایدەگەیێنێت، "دەتوانن بەبێ هیچ نیگەرانییەک لە رێگەی سنوورە وشکانییەکانەوە بگەڕێنەوە."