ئێران دوو کەسی لەسێدارەدا "پلانی کردەوەی تیرۆریستییان هەبووە"
رووداو دیجیتاڵ
تاران رایگەیاند، دوو کەسی بە تۆمەتی ئەنجامدانی کردەوەی "تیرۆریستی" و پەیوەندی بە رێکخراوی موجاهیدینی خەڵق لەسێدارە داوە. میدیا فەرمییەکانی ئێران دەڵێن، ئەو دوو کەسە لەناو تاران پلانی هێرشی چەکدارییان هەبووە.
بەپێی راپۆرتی دەزگای دادوەریی ئێران، کە ئەمڕۆ دووشەممە بڵاوکراوەتەوە، ئەو دوو کەسە ناویان (ئەکبەر دانشڤەرکار) و (محەممەد تەقەوی سەنگدەهی)یە. تاوانبار کراون بەوەی "لە رێگەی تێلیگرامەوە پەیوەندییان بە سەرپەلەکانی موجاهیدینی خەڵقەوە کردووە و لە ناوخۆی ئێران تیمیان بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی و تێکدەرانە پێکهێناوە."
"خانوویان کڕیوە بۆ حەشارگە و تەقەمەنی"
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، محەممەد تەقەوی وەک سەرۆکی تیمەکە، بەو پارەیەی لەلایەن رێکخراوەکەوە بۆی دابینکراوە، "چەند خانوویەکی بۆ حەشارگەی ئەندامانی تیمەکە گرتووە و تەقەمەنیی کڕیوە بۆ بەئامانجگرتنی ناوەندە هەستیار و حکومییەکان لە تاران."
هەر بەپێی تۆمەتەکانی دادگا، ئەکبەر دانشڤەرکار، لەکاتی ئاڵۆزییەکانی رابردووی ئێران دا، نەخشەی رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان داڕشتووە و لە چەندین ئۆپەراسیۆندا بەشدار بووە.
"جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان"
میدیای ئێران ئاماژەیان بەوە کردووە، لە شوێنی ئەو دوو کەسەدا، کەرەستەی تەقەمەنی دۆزراوەتەوە. هەروەها باس لەوە کراوە کە یەکێک لە تۆمەتبارەکان دوای ئاشکرابوونی تیمەکەیان، ویستوویەتی بەرەو سنوورەکان هەڵبێت، بەڵام لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کراوە.
دادگەی شۆڕشی ئێران، ئەو دوو کەسەی بە تۆمەتی "یاخیبوونی چەکداری، ئەندام لە گرووپی تیرۆریستی، تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی و هەوڵدان بۆ رووخاندنی کۆماری ئیسلامی،" سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاندن.
دوای ئەوەی دیوانی باڵای ئێران تانەی پارێزەرانی تۆمەتبارانی رەتکردەوە و حوکمەکەی پەسند کرد، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە سزای لەسێدارەدانی هەردووکیان جێبەجێ کرا.