بەڵگەنامەیەکی نهێنیی سوپای پاسداران هۆکاری گیانلەدەستدانی کچێکی کورد ئاشکرا دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

بەپێی بەڵگەنامەیەکی نهێنیی سوپای پاسداران، لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی 2022 لە تاران کچێکی کورد بەهۆی لێدانی هێزەکانی سوپای پاسداران گیانی لەدەستداوە و دوای دەستبەسەرکران، دەستدرێژی کراوەتەسەر.
 
تۆڕی هەواڵیی بی بی سیی بەریتانی بەڵگەنامەیەکی نهێنیی لەنێو سوپای پاسدارانەوە دەستکەوتووە لەبارەی هۆکاری گیانلەدەستدانی نیکا شاکەرەمی، کچە کوردی تەمەن 16 ساڵان.
 
تەرمی نیکا شاکەرەمی، خەڵکی خوڕماوای لوڕستان لە 21-09-2022 لە تاران گیانی لەدەستدا و تەرمەکەی دوای 9 رۆژ لە بێسەروشوێنبوونی لە ساردخانەی دادپزیشکیی تاران دۆزرایەوە.
 
بەپێی بەڵگەنامەکە، نیکا شاکەرەمی لە خۆپێشاندانێکدا لە تاران لەلایەن چوار کەس لە هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر دەکرێت و دواتر دەبرێتە نێو ئۆتۆمبێلێکی جۆری وانێت کە پشتەکەی بەفرگر بووە. سێ کەس لە هێزەکانی ئێران لەگەڵ نیکا لە پشت ئۆتۆمبێلەکەدا دەبن و لە لێکۆڵینەوەکاندا دانیان بەوەدا ناوە، کەسێکیان دەستدرێژی کردووەتە سەر نیکا و بە هەر سێکیان لێیان داوە و بەو هۆیەوە گیانی لەدەستداوە. دواتر تەرمەکەیان لە قەراخی شەقامێک فڕێداوە.
 
بەپێی بەڵگەنامەکە ئەو زانیارییانە بە بەرپرسانی باڵای سوپای پاسداران دراوە، بەڵام راستیی رووداوەکەیان شاردووەتەوە و هۆکاری راستەقینەی گیانلەدەستدانیان بڵاو نەکردووەتەوە. بی بی سی دەڵێت، دوای چەند مانگ بەدواداچوون، راستی بەڵگەنامەکەیان پشتڕاست کردووەتەوە.
 
پێشتر بەرپرسانی ئێران و میدیای فەرمیی ئەو وڵاتە بڵاویانکردووەتەوە، نیکا شاکەرەمی خۆی لەسەر باڵەخانەیەکەوە خستووەتە خوارەوە و بەو هۆیەوە گیانی لەدەستداوە.