حەوت یاریزانی کورد لە پاڵەوانێتیی بۆکسێنی نەوجەوانانی ئێران پلەی یەکەم و دووەمیان بەدەستهێنا

 
رووداو دیجیتاڵ

یاریزانانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە پاڵەوانێتیی بۆکسێنی نەوجەوانانی ئێراندا زیاترین ناسناویان بەدەستهێنا.
 
لە پاڵەوانێتیی بۆکسێنی نەوجەوانانی ئێراندا کە لە شاری مەلایری پارێزگای هەمەدان بەڕێوەچوو، لە کێشی 46 کیلۆگرام مەهدی روزبەهانی لە لوڕستان و ماهان مستەفایی لە سنە، لە کێشی 48 کیلۆگرام سەهەند نەجەفی لە ورمێ و هیوا نادری لە کرماشان پلەی یەکەم و دووەمیان بەدەستهێنا.
 
هەروەها لە کێشی 50 کیلۆگرام کاوان مەولوودی لە سنە و لە کێشی 57 کیلۆگرامیشدا ئاژوان سالم لە سنە پلەی دووەمیان بەدەستهێنا. محەممەدسەفەر بەیرانوەند، یاریزانی لوڕستانی لە کێشی 60 کیلۆدا پلەی یەکەمی بەدەستهێنا.
 
208 بۆکسێنەر لە 31 پارێزگای ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە پاڵەوانێتییەکەدا بەشدار بوون. هیوا نادری لە کێشی 48 کیلۆ پلەی دووەمی بەدەستهێنا و وەکو باشترین یاریزان لەڕووی تەکنیکییەوە دەستنیشان کرا.
 
سوهەیب رەحیمی، راهێنەری بۆکسێن لە جوانڕۆ دەڵێت، "یەکەمجارە لە ناوچەی هەورامان و باکووری رۆژئاوای پارێزگای کرماشان یاریزانێک لە بۆکسێندا لە ئاستی ئێران پلەی دووەم بەدەست بهێنێت." داواش دەکات، شوێنێک بۆ یاری بۆکسێن لە جوانڕۆ بکرێتەوە.