پەرلەمانتارانی ئێران داوای لێپرسینەوە لە وەزیری وزە دەکەن

رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانتارێکی ئێران رایگەیاند، واژۆیان کۆکردووەتەوە بۆ لێپرسینەوە لە وەزیری وزەی وڵاتەکە.
 
چوارشەممە، 30ـی نیسانی 2025، حەمید رەزا گودەرزی، پەرلەمانتار و ئەندامی کۆمیسیۆنی ئاوەدانکردنەوە لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند،"15 پەرلەمانتار لە پەرلەمان واژۆیان بۆ لێپرسینەوە لە عەباس عەلی ئابادی، وەزیری وزەی ئێران کۆکردووەتەوە و ژمارەی واژۆکانیش لە زیادبووندایە".
 
ئێران لە هاوینی ساڵی 2024ـەوە تووشی کێشەی کورتهێنانی گاز و کارەبا بووە و حکومەت ناچار بووە رۆژانە چەندین کاژێر کارەبا لەسەر ماڵان و کارگەکان ببڕێت. هەروەها بۆ دابینکردنی گازی پێویست بۆ ماڵان لە وەرزی سەرما، حکومەت گازی لەسەر چەندین وێستگەی کارەبا و کارگەی گەورە بڕیوە.
 
ژووری بازرگانیی ئێران، زیانەکانی بڕینی گاز و کارەبا بە 250 تریلیۆن تمەن دەخەمڵێنێت. 
 
داواکردن بۆ لێپرسینەوە لە وەزیری وزەی ئێران لە کاتێکدایە رۆژی 2-3-2025، پەرلەمانی ئێران بە زۆرینەی دەنگ متمانەی لە وەزیری ئابووری و دارایی وڵاتەکەی وەرگرتەوە. ئەمەش بەهۆی خراپی دۆخی ئابووری وڵاتەکە و بەتایبەتیش دابەزینی بەهای تمەن لە بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی. 
 
بەپێی مادەی 135 لە دەستووری ئێران، سەرۆککۆمار پێویستە بۆ ماوەی سێ مانگ چاودێرێک بۆ وەزارەتەکە دیاری بکات، تاوەکو ئێستاش هیچ کەس بۆ ئەو پۆستە دیاری نەکراوە.
 
بەپێی یاسای ئێران پێشنیازی لێپرسینەوە لە وەزیرەکان دەتوانرێت بخرێتە بەردەم پەرلەمان کاتێک بە واژۆی لانیکەم 10 پەرلەمانتار پێشکەشی پەرلەمان بکرێت، وەزیر دەبێ 10 رۆژ دوای ئەوە پێشنیازە لە پەرلەمان ئامادە بێت و وەڵامی پەرلەمانتاران بداتەوە.
 
دوورخستنەوە و لێپرسینەوە لە وەزیرەکان لەکاتێکدایە تەنیا 7 مانگە حکومەتی مەسعود پزیشکیان دەستبەکاربووە.