گوتەبێژی حکومەتی ئێران: ئاگامان لە ناردنی کورتەنامەی پابەندبوون بە باڵاپۆشی نییە

رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی حکومەتی ئێران رایگەیاند، ئاگاداری ئەو کورتەنامەیە نین کە نووسینگەی فەرمانکردن بە چاکە، بۆ ژنانی ناردووە بۆ پابەندبوون بە باڵاپۆشی.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 30ـی نیسانی 2025، فاتمە مهاجرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران سەبارەت بە ناردنی کورتەنامەی پابەند بوون بە یاسای باڵابۆشی بۆ ژنان رایگەیاند،"ئاگامان لەو بابەتە نییە، بەڵام بەدواداچوونی بۆ دەکەین ئەوە ئەرکی ئێمەیە".
 
فاتمە مهاجرانی گوتی: "باڵاپۆشی پرسێکی رۆشنبیری و پەروەردەییە، بە گرتنەبەری رێوشوێنی نەرێنی ناتوانین بگەینە ئامانج، بڕیار نییە حکومەت دژی خەڵک بوەستێت".
 
بەشێک لە هاووڵاتیانی ئێران بە تایبەت ژنان وێنەی ئەو کورتەنامانەیان لە تۆڕە کۆمەڵاییەتییەکان بڵاوکردەوە، کە لەلایەن نووسینگەی فەرمانکردن بە چاکە بۆیان هاتووە و داوا دەکات ئاگاداری بن و رەچاوی رێنماییەکانی تایبەت بە باڵاپۆشی بکەن.
 
رۆژی  5ـی ئاداری 2025 محەممەدجەعفەر قائیم پەنا، جێگری سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری جێبەجێکردن لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، "سەرۆککۆمار جەختی لەوە کردەوە؛ ناتوانین یاسای باڵاپۆشی جێبەجێ بکەین، چونکە کێشە بۆ خەڵک دروست دەکات و من دژی خەڵک ناوەستمەوە".
 
پرۆژەیاسای باڵاپۆشی دوای خۆپێشاندانەکانی ساڵی 2022 لەلایەن دەسەڵاتی دادوەریی ئێرانەوە ئامادە کرا، دواتر حکومەتی ئێران چەند بڕگەیەکی بۆ پڕۆژەیاساکە زیادکرد و ناردی بۆ پەرلەمان، لە پەرلەمانیش چەندین مادە و بڕگەی دیکەی بۆ زیادکرا و لە ئەیلوولی 2023 پەسند کرا.
 
پڕۆژەیاساکە دواتر لە 19ـی تشرینی یەکەم 2024 لەلایەن ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوورەوە پەسند کرا.
 
لە 1ـی کانوونی یەکەمی 2024، سەید مەهدی تەباتەبایی، جێگری بەرپرسی راگەیاندنی نووسینگەی سەرۆککۆماری ئێران دوای ناڕەزایەتی و کاردانەوەی خەڵک بەرامبەر یاسای باڵاپۆشی و پاکداوێنی رایگەیاند، حکومەت هەوڵدەدات گۆڕانکاری لە یاساکەدا بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش هەنگاو دەنێت بەرەو هەموارکردنەوەی یاساکە.
 
بڕیارە یاساکە بۆ ماوەی سێ ساڵ وەک تاقیکردنەوە جێبەجێ بکرێت.
 
بەپێی یاساکە، ئەوانەی پابەندی باڵاپۆشی نابن، سزای زیندانیکردن، پێبژاردن، قەدەخەی گەشتکردن بۆ دەرەوەی وڵات، قەدەخەی هەبوونی هەژمار بەناوی خۆیانەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، رێگەگرتنیان لە کارکردن و بێبەشکردن لە مافە کۆمەڵایەتییەکانیان بەسەردا دەسەپێنرێت.